د.نوری تاڵەبانی: دووبارەكردنەوەی دەرگا بۆ كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نادەستورییە

لڤین:

نوری تاڵەبانی رایگەیاند، ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق بۆ دووبارەكردنەوەی دەرگا بۆ كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نادەستورییە، چونكە لەكاتێكدا دەقێكی دەستووریمان هەبێت بە ئاشكرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەكراوە ئەگەر ناكۆكی لایەنەكان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بكرێت.

د. نوری تاڵەبانی پسپۆڕی یاسای دەستوری بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لە هەموو وڵاتێكی دەستووریدا كار بە ڕیزبەندی یاسایی دەكرێت، سەرەتا بە دەقە دەستوورییەكان، دواتر دەقە یاساییەكان، پاشان بە ڕێنماییەكان، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات بەداخەوە پابەندنەبوونە بەو دەقە دەستوورییانە، ئەگەر دەقە دەستوورییەكان بە ئاشكرا ئەمەی ڕوونكردبووەوە پێویست ناكات بگەڕێینەوە بۆ هیچ دەقێكیتر، لە ماددە 13ی دەستووری عێراقدا ئەو ڕاستییە یەكلایی كراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس حكومەت و دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پابەندنەبوون بەو پڕەنسیبە دەستوورییە، یان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان كارییان كردووە، چەندین ماددەی دەستوری هەیە خۆیان لێی لاداوە و كارییان پێنەكردووە، هەروەك ماددە 140 ی دەستوری عێراقی كە دەبوو تا كۆتایی ساڵی 2007 جێ بەجێبكرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان جێ بەجێیان نەكرد.

ئەو دەشڵێت”دەیانەوێت بەشێوەیەكی وا كارەكە ئەنجام بدەن كە ڕوون و ئاشكرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە كارێكی نادەستوورییە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ دەقی دەستووری لەكاتێكدا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا لەدەستووردا یەكلایی كرابێتەوە پێویستە بەپێی ئەو ماددە دەستورییە یەكلایی بكرێتەوە”.

باسیلەوەشکرد، ئەگەر كارێك بە نادەستووری كرا، ئەوە ئەو كارە هەر بە نادەستووری دەمێنێتەوە، هەتا شوێنەوارەكەی دەمێنێت، لەبەرئەوەی كاری نادەستوری هەر نادەستورییە، هەتا ئەگەر بە كاری پێچوپەنا شتێكی وایان كردبێت كە پێچەوانەی دەستوور بێت، دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هەتا دادگای فیدراڵی لە هەركاتێكدا بێت دەتوانێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر ئەو كاندیدەی لەو ماوە دەستووریە خۆی كاندید كردووە پۆستەكەی وەرگرتبێت، چونكە كاری سەرەكی ئەو دادگایە ئەوەیە كە نەهێڵێت كاری نادەستوری ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە لە عێراق تا ئێستا ئەوە ڕووینەداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button