سەرۆکی دادگای سلێمانی: پێویستە کاربکرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی

لڤین:
سەرۆکی دادگا سلێمانی لەگەڵ لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان و ڕێکخراوی خانزاد کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هۆکارەکانی زیاندبوونی جیابونەوەی هاوسەرەکان کرد. 
بە گورەی ڕاگەیەندراوی دادگای سلێمانی ئەمڕۆ دادوەر جاسم جزا جافر هەورامی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی دادگا پێشوازیکرد لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان و ڕێکخراوی خانزاد.
دیدارەکە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەک بوو کە تایبەتبوو بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران،  لە ڕێگەی کردنەوەی خولی ڕۆشنبیری بۆ هاوسەرە تازەکان پێش مارەکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ ئاشنابوونیان بە ماف و ئەرکەکانی هەرکەیان.
 سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند سەرەڕای پشتگیری بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە، بەڵام بە پێویستی زانی کاربکرێت لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی، یان دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بەو مەبەستە، تا بتوانریت ئەوانەی داوای گرێبەستی هاوسەرگیری دەکەن پابەند بکرێن بە بینینی ئەو جۆرە خولانە.
جاسم جەزا ڕاشگەیاند، هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران زۆر و هەمەچەشنن و بۆ چارەسەرەکردن و کەمکردنەوەی پێویستی بە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵێک دەزگا هەیە وەک وەزارەتەکانی ئەوقاف و ڕۆشنبیری و پەروەردە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و، بەپێویستیزانی لەگەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆ بکەن تا هەریەکەیان ڕۆڵی هەبێت لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی و زانینی ئەرک و مافەکانی یەکتر لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و هاوسەران بەتایبەتی.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button