بێریڤان ئەیوب لە زیندانەوە پەیامێک ئاراستەی خەڵک دەکات

لڤین:

ژنە چالاکوانە دەستگیرکراوەکەی بادینان داوای پشتیوانی خەڵکی دەکات و دەڵێت هیوادارم دادگا بڕیاری ئازادکردنم بدات و بە منداڵەکانم شاد ببمەوە، چونکە من تەنها داوای موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانم کردووە.

بێریڤان ئەیوب لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند سوپاسی پشتیوانی خەڵکی دەکات بۆ کەیسەکەی و دەڵێت هیوادارم پشتم بەر نەدەن، چونکە من بۆ مافی خەڵک چومە سەر شەقام.

ئەو دەستگیرکراوەی بادینان لە پەیوەندیەکەدا دەڵێت، هیوادارم دادگا ڕۆژی ١٤ی شوبات بڕیاری ئازادکردنم بدات و منیش بە منداڵەکانم شاد ببمەوە.

لەو پەیوەندیەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بە هۆی ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانی کردووە لە شاری دهۆک بۆ داواکردنی موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران دەستگیرکراوە و تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی دراوەتە پاڵ و ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە یەکەمین دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوە دەچێت.

بێریڤان ئەیوب حەسەن، چالاکوانێکی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی پارێزگای دھۆکە و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە، لە پارێزگای ھەولێر بە پێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ “کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی” دەستگیرکراوە و تائێستا بەبێ دادگاییکردن لە زینداندا ھێڵدراوەتەوە.

بێریڤان تەمەنی ٣٦ ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە. لەدوای دەستگیرکردنی، ھاوسەرەکەی لە بێریڤان جیادەبێتەوە و لە دوای ١٦ مانگ لە دەستگیرکردنی، بڕیارە ڕۆژی ١٤ی شوبات دادگایی دەکرێت.

وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە دواخستنی دادگاییکردنی و ھێشتنەوەی لە زینداندا، تا ئێستا شەش جار مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە ڕاگەیاندووە و لە زینداندا تووشی نەخۆشی شەکرە بووە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button