بەرهەم ساڵح: سەرۆک کۆمار دەبێت سه‌رۆكێكی ڕاسته‌قینه بێت نەک ژێردەست بێ

لڤین:
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە عێراق پێویستی بە سەرۆکێکی ڕاستەقینەیە.
بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند كاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم كه لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌ركه، شه‌ره‌فێكی مه‌زن و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه.
ئەو بەشێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو ڕکابەرەکەی کە هۆشیار زێباریە کرد وتی: پێویسته سه‌رۆك كۆمار ڕه‌مزی یه‌كڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی ڕاسته‌قینه بێت نەک ژێردەست بێ
دەقی پەیامەکەی بەرهەم ساڵح
بسم الله الرحمن الرحيم
وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ
صدق الله العظيم
ھاووڵاتیانی ئازێز..
خوشك و برایانی به‌رێز؛ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران..
له‌م ساته‌دا هه‌ستیاره مێژووییه‌دا کە وڵاتەکەمان بەناو دووانەی دەرفەت و دژواریدا تێده‌په‌ڕێت، كاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم كه لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌ركه، شه‌ره‌فێكی مه‌زن و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه.
ویژدانم ئاسودیه كه له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا له‌سه‌ر شانم بوون، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی گەلەکەمم له‌به‌رچاو گرتووه، ئه‌و ئه‌ركانه‌ی هه‌موو ھاونیشتیما‌نیان به عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و مه‌سیحی و شه‌به‌ك و ئێزدی و سائیبی كار بۆ سه‌رخستنی ده‌كه‌ن… ھەردەم ئامانجمان هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه بۆ هه‌موو ڕۆڵەکانی گەل، لە سۆنگەی وڵاتێکی به‌هێزی خاوه‌ن توانا، وڵاتێک؛ كه ڕێز له ھاونیشتیمانییە‌كانی بگرێت و بتوانێت به‌رجه‌سته‌ی پێگه و ڕۆڵه مێژووییه شیاوه‌كه‌ی جارانی له جیهان و ناوچه‌كه‌دا بكاتەوە، به دڵنیایشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیزا و هه‌رگیز لێی لاناده‌ین.
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان…
ئێوە ھەڵبژاردەی گەلن لەپڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌ختەدا، ئه‌م ئه‌ركه‌شمان وه‌ك وڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی شه‌قام و گه‌نج و لاوه‌كانمان ئه‌نجامدا، كه هه‌ستیان به بوونی سته‌مكاری دەکرد و بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستیان بە پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی دەزانی، حوکمڕانیەک؛ كه له ئیراده‌ی گەلەوه سه‌رچاوه بگرێت و هیچ کۆتوبەند و ڕاسپارده و ده‌ستتێوه‌ردانێكی ئه‌م و ئه‌وی تێدا نه‌بێت و گه‌ل خۆی سه‌روره و خۆی بێت.
بەدڵنیاییەوە گه‌نج و لاوه‌كانمان له به‌سڕه و ناسڕییه و نه‌جه‌ف و بەغدا و سلێمانی و هه‌ولێر و موسڵ و ئەنبار و کەرکوک و دیوانیە و دھۆک و دیالە و شه‌نگال، خاوه‌ن یه‌ك هیوا و ئاوات و خولیای هاوبه‌شن، كه ئەویش ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ی ئازاده. کەواتە لەم ھەلومەرجە دژوارەدا کە نیشتیمانەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت و گەلەکە‌مان لەسەرانسەری وڵات چاوەڕوانی بەدیھاتنی داخوازیەکانیەتی، لەم پێناوەدا بەرپرسیارێتیەکی مێژویی و کاری لێبڕاوانەمان لەسەر شانە… ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش واچاوەڕوانی لێدەکرێت، کە پەرلەمانێکی ئازاد و نمونەیی و ڕاستەقینە بێت، پەرلەمانێک دەربڕی ئیرادەی گەل و بەدیھێنەری داخوازی و چاوەڕوانییە ڕەواکانی ڕۆڵەکانی نیشتمان بێت.
له‌م ساته‌وه‌خته سەختانەدا کەهێزه چه‌كداره قاره‌مانه‌كانمان له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه به‌رده‌وامن له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و ھەڵمەتەکانی ریشه‌كێشكردنی شانه نوستووەکانی تیرۆرستان، كه ده‌یانه‌وێت ئه‌من و ئاسایشی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، لەیەک کاتدا لەبەردەم كۆمه‌ڵێك بەربەست و بەدەستھێنانی دەسکەوت و چاوەڕوانی شایستەی جۆراوجۆرداین، كه ناكرێت نادیده‌یان بگرین و ناشبێت دوایان بخه‌ین، لەم رووەوە پێویسته كه‌موكوڕیییه بنچینەییه‌كانی كۆی سیسته‌می حوكمڕانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بە ئاراستەی بەدیھێنانی گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ، كه پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش پته‌وتر بكات، بۆئەوەی ده‌وڵه‌تێك بنیات بنێین، کە خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوی خۆی بێت و بتوانێت مافی سەرجەم هاووڵاتییانی بپارێزێت و سه‌روره‌ی یاسا بسه‌پێنێت و کۆنتڕۆڵی چه‌ك تەنھا له‌ده‌ستی خۆیدا بێت.
پێویسته قۆناغی ئاینده قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده ده‌ستوورییانه بێت كه به ئه‌زموونی كار ده‌ركه‌وتووه هۆكاری ته‌نگژه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وڵاتن، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتێكیش بۆ داواكارییه‌كانی شه‌قام و ڕێزگرتن له كۆده‌نگی نیشتمانی، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار لیژنه‌یه‌كی له شاره‌زایانی ده‌ستووری له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان پێكهێنا، دواتریش نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی سه‌راپاگیرمان سه‌باره‌ت به‌و هه‌مواركردنه‌وه ده‌ستوورییانه ئاماده‌كرد، كه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نیشتمانی به‌نده و کاریش دەکەین بۆ تێپەڕاندن و سەرخستنی.
لێرەدا بێگومان گه‌نده‌ڵیش بەڵایە‌كی دیكه‌ی مه‌ترسیداره، كه پێویسته یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه، ئه‌م ئافاته مه‌ترسیداره، به به‌رده‌وامی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، هه‌ر به‌و سامان و پاره‌ی به‌تاڵان بردوویه‌تی، ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی گەلەکە‌مان بشكێنێت و لاوازی بكات، بۆیه ده‌بێت بێ دوودڵی به ویستێكی پۆلاینه‌وه رووبه‌ڕووی ببینه‌وه. لەڕاستیدا جه‌نگ لەدژی گەندەڵی، جه‌نگێكی نیشتمانییه و بێ سه‌ركه‌وتنیش تیایدا دۆخی وڵات پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە نابینێت، پێویسته له‌و شەڕەدا سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی وشك و بنەبڕ بكه‌ین و پاره به‌تاڵانبراوه‌كانیش بگێڕینه‌وه. له‌و پێناوه‌شدا پڕۆژه‌یاسای “گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و داهاته‌كانی) مان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه كه ڕێوشوێنی هه‌نووكه‌یی و كرداری تووندوتۆڵی له‌خۆگرتووه، له ئاینده‌شدا ڕێوشوێنی دیكه‌ی به‌دوادادێن، كه له‌توانایان دایه پاره به‌تاڵانبراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بگێڕنه‌وه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به پاڵپشتی ئه‌م په‌رله‌مانه به‌ڕێزه‌ش ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه په‌سه‌ند ده‌كه‌ین و میكانیزمه‌كانی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ.
ئه‌و جه‌نگه‌ی دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌ستمان داوه‌تێ، هاوكاته له‌گه‌ڵ پێویستی خۆده‌ربازكردنی وڵاته‌كه‌مان له سیسته‌می ئابووری به‌رخۆر و پاراستنی دیجلە و فوڕات و ده‌رامه‌ته سروشتییەکان و ژینگەکەشمان، له‌م پێناوه‌شدا “پڕۆژه‌یاسای بوژاندنه‌وه‌ی وادی ڕ‌افیده‌ین” مان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه و پلانمانە بیكه‌ینه ستراتیژێکی نیشتمانی، بەئامانجی بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەمان.
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئەنجومەنی نوێنەران…
پێویسته سه‌رۆك كۆمار ڕه‌مزی یه‌كڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی ڕاسته‌قینه بێت نەک ژێردەست بێ، ئەم نیشتیمانە کە خاکی ڕافیدەین و چیاکانی کوردستان و شارستانیەتی ئور و سۆمەر بابل و ئاشورە.. خاکی پێغەمبەران و چاکەخوازان و مەرجەعیەتە بەڕێزەکانە شایەنی سەرۆکێکی شایستەیە.
هه‌روه‌ك ده‌مناسن و ناسیوتانم و ئاشنای كار و چالاكییه‌كانمن، به هه‌موو هێز و توانای خۆمه‌وه و به پشتیوانی دڵسۆز و خه‌مخۆرانی وڵات، له سۆنگەی دیدێکی نیشتمانییه‌وە ئه‌ركه‌كانی خۆم ئه‌نجامداوه، وێڕی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌كان، لەسایەی ھیچ بارودۆخێکدا ڕێگه‌م نه‌داوه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكه‌وێته خزمه‌ت ئه‌جێندایه‌كی نانیشتمانی، له ئان و ساته هه‌ره سه‌خت و دژواره‌كاندا، هه‌وڵمداوه وڵاته‌كه‌مان له گێژاوی ململانێی خوێناوی ناوخۆیی ده‌رباز بكه‌م، دوای ساڵانێكی دوور و درێژی حوكمڕانی له‌م وڵاته‌دا، ھەستم به‌وه كردووه كه كاتی ئه‌وه هاتووه ئەم گەلە خاوه‌ن حوكمڕانییه‌كی باش بێت و له ئاشتی و ئارامیدا بژیت، حوكمڕانییه‌ك كه پایه سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر بڕیاری نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ بنیات بنرێت.
من لە چیا سەرکەشەکانی كوردستان، لە سەماوە و کەربەلا و سەلاحەدین و بابل و واست و عمارە و ھەڵەبجەوە ھاتووم، ده‌مه‌وێت دووباره شه‌ره‌فی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه له ئه‌ستۆ بگرم، ھەروەک چۆن له خولی ڕابردوو به بڕیارێكی سه‌ربه‌خۆی نیشتمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ‌بڕا و ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارم گرته‌ده‌ست، باوه‌ڕی ته‌واویشم به‌وه هه‌یه كه عێراقێکی فیدڕاڵی و یەکڕیزی ده‌ستووری، تاكه ڕێگای بنیاتنانی وڵاته‌كه‌مانه، به‌غدای پایته‌ختیش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه، هه‌ر لە بەغداشەوە ده‌توانین سه‌رجه‌م كێشه و گیروگرفته‌كانمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه… چونكه لەڕاستیدا به‌هێزی به‌غدای پایته‌خت، به‌هێزی به‌سڕه و ئه‌نبار و موسڵ و كوردستانیشە.
ئێمه سه‌ركه‌وتوو بووین له تێپه‌ڕاندنی زۆرێك له گرێكوێره و ئاستەنگەكانی به‌رده‌ممان، عێراقمان له وڵاتی مه‌ڵبه‌ندی كێشه و ململانێكانەوە كرده خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنم داوه و خۆشتان ده‌مناسن، له‌گه‌ڵ خودا‌و خۆم و گەلەکەم ڕاستگۆ ده‌بم، به هه‌موو هێز و تواناشمەوە كار بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی سه‌قامگیری خاوه‌ن توانا و دادپه‌وه‌ر ده‌كه‌م.
سه‌ری ڕێز و نەوازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی وڵات داده‌نه‌وێنم كه له پێناو ئازادی و دیموكراسی و شكۆداری و به‌رگریكردن له نیشتمان گیانی خۆیان به‌خشی.
په‌روه‌ردگاری مه‌زن عێراق و گەلەکە‌مان له هه‌موو به‌ڵا و ناخۆشییه‌ك بپارێزێت.
دووباره سڵاو و ڕێزم قبوڵ بفه‌رموون.