سزادانی هاوڵاتیان لەسەر پێوەری ئاو کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە

لڤین:
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، سزادانی هاوڵاتیان بەهۆکاری نەبەستنی پێوەری ئاو کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە داوا لە وەزیری شارەوانی دەکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزادانی هاوڵاتیان بدات.
لەراگەیەنراوێکدا کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ریگەیاند “وەکو دەبینرێت غرامەکردنی هاوڵاتیان بەو ڕێژە زۆرە بەهۆکاری نەبەستنی پێوەری ئاو کە تەواوی ناوچەکانی گرتۆتەوە ئەو هەنگاوە بۆتەهۆی نیگەرانیەکی زۆر لای تەواوی هاوڵاتیان، کاریگەریەکی زۆریشی دروست کردوە لەسەرکۆکردنەوەی داهاتی گشتی”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزادانی هاوڵاتیان بدات، چونکە “ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی زیاتری بەدوای خۆیداهێناوە”.
دەشڵێت: ناڕەزاتیەکان زیاتریش دەبن لەڕۆژانی داهاتوو، هەروەها ئەو بڕیارەی وەزیر خزمەت بەحکومەت و خەڵکی کوردستان ناکات تەنها هەنگاوێک بوە بۆخزمەتی چەند کۆمپانیایەکی دیاری کراو کەجگە لەزیان هیچ سودێکیان بۆداهاتی گشتی نەبووە.
کاسترۆ مەعرف ئەوەشی خستوەتەڕو: کۆکردنەوەی داهاتی ئاو بەراورد بە بەساڵانی ڕابردوو نزیکەی نیوە بە نیوە کەمیکردوە ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کەبڕیاری غرامەکردنەکە زیانی زیاتربوە لەقازانج واپێویست دەکات دەست بەجێ ئەوبڕیارە هەڵبوەشێنەوەلەپێناوخزمەتی زیاتری هاوڵاتی.