تەرمی پێنج کۆچبەری دیکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێم

لڤین:
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنج تەرمی ئەو نۆ كۆچبەرەی كە لە 12-12-2021 لە نزیک دورگەی ئەنیكیسرای وڵاتی یۆنان لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستدا، لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر(ئەربیل)ـەوە دەگەڕێندرێنەوە ھەرێم و رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە.
لوتکە ناسنامەی قوربانیانی ئاشکراکرد کە سێ لەقوربانییەکان بەناوەکانی (راز کاروان، ئاشتی جوبرائیل، عەزیمە عوسمان) ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی پارێزگای کەرکووکن و دوو قوربانیەکەی دیکەش بە ناوەکانی ئانیا ئاودێر رەسوڵ، ئەژین ئاودێر رەسوڵ خوشکن و خەڵکی قەزای پشدەرن.
دوو رۆژ لەمەوبەر تەرمی چوار کۆچبەری دیکە گەڕێندرانەوە هەرێم و رادەستی کەسوکاریان کران و لە زێدی خۆیان بەخاکسپێردران.