کۆڕۆنا و دوو پەیامی جیاواز لەهه‌رێمی كوردستان

وەرگیراوە لە فەیسبووکی دکتۆر عارف گۆران
لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانیكیدا باسی له زێده‌بوونی رێژەی پەتای کۆرۆنا لە ناوچەکەو عێراق ده‌کرد ، ئه‌مه وه‌ك زەمینە خۆشکردنێک بۆ چەسپاندنی ھەندیک رێکاری نوێ بۆ خۆپاریزی خویندنه‌وه‌ی بۆ كرا، کەچی ھەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رێک پێچەوانەی ئه‌م لێدوانه ھاوولاتیانی دلنیا كرده‌وه، کە جارێکی تر سلێمانی کەرەنتینە ناکرێت وە دۆخی شاره‌كه‌ی به‌باشه ناوبرد! ئه‌م پارادۆكسه هانیدام چه‌ند شتێك ده‌رباره‌ی كۆڕۆنای نوێ له‌كوردستان بنووسم. به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێك كاركردن له‌سه‌ر كۆڕۆنا خوێندنه‌وه‌ی نوێترین ئه‌و توێژینه‌وه ئه‌كادیمیانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌تایه ده‌نووسرێن په‌یدامان كردووه، به‌پێویستم زانی ئه‌و چه‌ند خاڵه بخه‌مه روو:
1-ئەوەی بە روونی دەبینرێت ئه‌وه‌یه، كه ژمارەی تووشبووانی په‌تای كۆڕۆنا لەژمارهیهكی زۆری شارەکانی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو لە ھەلکشانەو رۆژانه ئەو ژماره زێده‌تر ده‌بێت.
2-کۆڕۆنای گۆڕاو بە تایبەت جۆری بەریتانیا بە شێوەیەکی خێرا زیاتر له پەنجا وڵات بلاوبۆتەوە ، له‌وانه ئێران، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی ئه‌و هاموشۆیه زۆره‌ی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا هه‌یه، گومانی تیا نیه په‌تاكه په‌ڕیوه‌ته‌وه عیراق، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەو توانایەی نیە رێژەكه به‌وردی دیاری بکات.
3-رێژەی کۆرۆنا لەکوردستان راستەوخۆ پەیوەستە به عێراق و وڵاتانی دراوسێی، لەو خاڵە لە گەل وەزارەتی تەندروستی ھاوڕام، كه ترسی زیادبوونی ڤایرۆسەکە ئەگەرێکی به‌هێزه‌و دەبێت بە وردی چاودێری بکرێت.
4-کۆرۆنای گۆڕاو ھەمان نیشانەکانی کۆرۆنای کۆنی ھەیە و بە ھەمان شێوەش چارەسەر دەکرێت . ئەوەی بەتەواوی دەربارەی ئه‌و جۆره یەکلابۆتەوە، ئه‌وه‌یه، كه خێراتر بلاودەبێتەوەو و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندال و کەسانی گەنج دەبێت.
5-له ئێستادا شارەزایەکی زیاترمان دەربارەی ڤایرۆسەکە ھەیەو بە شێوەیەکی باشتر دەتوانرێت چارەسەری تووشبوانی پەتاکە بکرێت وە ھەندێک چارەسەر لەژێر دەستە، کە رێژەی مردن کەم دەکاتەوە، بۆیە لەم خالەشدا لە گەل بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ھاوڕام، کە پێویست بە تۆقاندنی خەڵک ناکات.
6-بە بۆچونی هه‌ندێك لە ھاوکارانم لە کوردستان خەلکێکی زۆر لە شەپۆلی یەکەمی پەتاکە تووشی كۆڕۆنا بوون، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه خه‌ڵكێكی زۆر بەرگریان بەرامبەر ڤایرۆسەکە دروست کردوە ھەر بۆیه رێژەی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێستادا زۆر زیادی نەکردووە، سه‌رباری ئه‌وه‌ی رێکارەکانی خۆپاراستن تا رادەیەکی زۆر پشتگوێ خراون .
7-گرتنه به‌ری ریكاری توندی خۆپاراستن و كه‌ره‌نتینه كردنی خه‌ڵك، كاریكی سه‌خته بۆ وەزارەتی تەندروستی هه‌موو وڵاتان، چونکە ئەو بریارە پەیوەستە بە ژیانی خەڵک و ئابووری وڵات ، بۆیە ده‌بێت دوای لێکۆڵینەوەی ووردو لەژێر رۆشنایی ئامار‌و راستیە زانستیەکانهوه ئه‌و بڕیاره بدرێت و تیایدا ره‌چاوی دۆخی بێزاربوونی خه‌لك بكرێت، كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ساڵێكه به‌و دۆخه ناهه‌مواره تیده‌په‌ڕێت و بێزاره‌و له بارێكی ده‌روونی نائاسایی ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
8-رێژەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، کە لە زانستی پزیشکی بە (R) دەناسرێت گرنگترین فاکتەرە بۆ بڕیاردان دەربارەی توندکردنی ھۆکارەکانی خۆپاراستن و کەرەنتینەکردن . ھەر کاتێک ئەو ژمارەیە لە سەرووی ژماره(1) بوو، ئەوە دەگەیەنێت، کە كه‌سی تووشبوو بە کۆرۆنا له كه‌سیك زیاتر تووشی پەتاکە دەکات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پەتاکە زۆر بەخێرایی بڵابێتەوە و مەترسی ئەوە درووست بێت، کە نەخۆسخانەکان فریای ژماره‌ی زۆری نه‌خۆشه‌كان نه‌كه‌ن. بۆیه پیویسته وەزارەتی تەندروستی بە یارمەتی ناوەندە زانستیەکان بە وردی چاودێری ژمارەی تووشبوان بکات و لەژێر رۆشنایی ئه‌و ژماریه‌وه بڕیاری گونجاو بدات .
9- ھەموو لێکدانەوەكان ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كه‌ن لە چەند ھەفتەی داھاتوودا ژمارەی تووشبون بە کۆڕۆنا زیاد دەکات، بەلام به‌هۆی نه‌بوونی داتای پێویست، رێژه‌ی زێدهبوونهكه نازانرێت.
10- دوا لێکۆلینەوەکان وا ده‌رده‌خه‌ن ، كه له داھاتوو ئه‌و ڤایرۆسه لەگەل مرۆڤایەتی دەژیت و دەبێت خۆیان له‌گه‌ڵی رابێنن ، هه‌رچه‌نده به‌هۆی بەکارھێنانی ڤاکسین لە چەند مانگی داھاتودا ڤایرۆسه‌كه بە رێژەیەکی به‌رچاو روو له‌كه‌می دەکات.
لە کۆتاییدا دەمهویت ئاماژه به‌وه بكه‌م، كه ئەرکی ھەموو تاکێکی کوردە مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسە بە هه‌ند وەرگرێت ، بەلام بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە تۆقاندن ناکات، راسته ڤایرۆسه‌كه گۆڕانی بهسهرداهاتوە، به‌لام رێکارەکانی خۆپاراستن هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و ھیچ گۆڕانکاریه‌كی بەسەردا نەھاتوە . بۆیه تا دەکرێت لە ده‌ره‌وه‌ی ماڵ دەمامک ببەستن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت سه‌ردانی شوێنی قه‌ره‌باڵغ مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌خۆت ناترسی، تکایە بەزەییت بە کەسانی بەتەمەن، یان ئەوانەی نەخۆشی تریان ھەیە بێته‌وه، چونكه ئەگەر ئه‌وانه تووشی ئه‌و په‌تایە ببن ره‌نگ بێت زۆر به‌توندی بیگرن و ژیانیان بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
*پسپۆر‌و ڕاوێژکاری ھەناو