یەکگرتوو: یەکێتی و پارتی ناچارمان مەکەن بە هەڵوێستی تر

لڤین:

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، نیگەرانی خۆی راگەیاند لەسەر لێكترازانی ناو ماڵی كوردی و  ململانێ یەکێتی و پارتی سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمار و دەڵێت ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان  بەسەرپەرشتی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حزبەکە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە “تیشك خرایە سەربارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و گۆرانكاری و پێشهاتەكان راڤە و تاوتوێكران، هەر لەچوارچێوەدا گفتوگۆكرا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، كۆبوونەوە نیگەرانی قووڵی خۆی راگەیاند لەسەر لێكترازانی ناو ماڵی كوردی و ئەو ململانێ نەخوازراوەی دوو حزبی دەسەڵات دەیكەن سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە و دەبێت كۆ دەنگی نیشتیمانی لەسەر بێت.”

ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە “هەرچی زووترە دوو حزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیاندا بكەنەوە و لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكەوتن بكرێ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو ماڵی كوردی لەبەریەك هەڵنەوەشێ و ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا “باس لە ئامادەكاریەكان بۆ (28)هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتوو لە (6/2/2022) كراو بەرنامەی تایبەت بە یادەكە بڕیاری لەسەردرا، هەروەها كاروبارەكانی ناوخۆی حیزب تەوەرەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، كە بەشێوەیەكی ئیجابی هەڵسەنگاندن كرا بۆ سەرجەم چالاكیەكانی ئەنجومەن و دەزگا و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تری حزب.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button