چالاکوانێکی بادینان دوای ١٦ مانگ لە دەستگیرکردنی دادگایی دەکرێت

لڤین:
ڕۆژی ١٤ی شوبات دادگاییکردنی ژنە چالاکوانێکی بادینان لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت کە ١٦ مانگە دەستگیرکراوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی CPT ڕایگەیاند: بێریڤان ئەیوب حەسەن، چالاکوانێکی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی پارێزگای دھۆکە و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە، لە پارێزگای ھەولێر بە پێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ “کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی” دەستگیرکراوە و تائێستا بەبێ دادگاییکردن لە زینداندا ھێڵدراوەتەوە.
بە وتەی ئەندامەکەی تیمی کوردستانی عێراقی CPT بێریڤان تەمەنی ٣٦ ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە. لەدوای دەستگیرکردنی، ھاوسەرەکەی لە بێریڤان جیادەبێتەوە و دایکی پێنج منداڵە و لە دوای ١٦ مانگ لە دەستگیرکردنی، ڕۆژی ١٤ی شوبات دادگایی دەکرێت.
کامەران وتوشیەتی: وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە دواخستنی دادگاییکردنی و ھێشتنەوەی لە زینداندا، تا ئێستا شەش جار مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە ڕاگەیاندووە و لە زینداندا تووشی نەخۆشی شەکرە بووە.