
شێخ نەهرۆ داوای بەخشین لە موریدەكانی تەریقەتەكەی دەكات
لڤین: سەرۆكی تەریقەتی قادریی كەسنەزانی داوا لە لایەنگر و موریدەكانی دەكات بەخشینەكانیان تەنیا بۆ سلێمانی بنێرن كەسێكیشی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە كە بەخشینەكان كۆ بكاتەوە.
شێخ شەمسەدین محەممەد نەهرۆ كەسنەزانی، لە راگەیەندراوێكدا بۆ موریدانی تەریقەتەكەی جیهاندا دەڵێت: دەبێت بەخشینەكانی بیناكاری و نۆژەنكردنەوەی مەقامی شەریف (مەزارگەی شێخ محەممەد كەسنەزانی) تەنیا رادەستی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە لە سلێمانی بكرێت.
شێخ نەهرۆ ئەوەشی وتووە كە دەبێت بەخشینەكانی خزمەتگوزاریی تەریقەت و تەكیەكان تەنیا رادەستی تەكیەی سەرەكیی سلێمانی بكرێت و ناوی كەسێكیشی راگەیاندووە بۆ ئەوەی بەخشینەكان كۆبكاتەوە.
بەگوێرەی ئەو راگیەەندراوە رێكخستنەوەی فایلی بەخشینەكان و لایەنەكانی خەرجكردن مانگانە لەلایەن لیژنەی داراییەوە بە دەرخستەی داراییەوە بۆ سەرۆكایەتیی تەریقەت بەرز دەكرێتەوە و دەشڵێت “ئەوەیش وەك رەچاوكردنی كاری رێكخراوەیی و ناوەندێتی كە بەرژەوەندیی گشتیی وا دەخوازێت.”