هەسەدە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی زیندانی غوێرانی ڕاگەیاند

لڤین:
هەسەدە ڕایگەیاند، شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تەواوی زیندانی غوێرانی حەسەکەیان کۆنترۆڵکردووە و سەرجەم چەکدارانیش خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردووەتەوە.
کەمێک پێش ئێستا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەتەواویی زیندانی غوێرانیان لە حەسەکە کۆنترۆڵکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم ئەو زیندانیانەی لەناو زیندانەکەوە هەڵهاتبوون و ڕووبەڕووی هێزەکان دەبوونەوە، خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردووەتەوە.
شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش هێرشیانکردە سەر زیندانی غوێرانی حەسەکە، کە نزیکەی پێنج هەزار زیندانی داعشی تێدا زیندانییکراوە و بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراویان لە بەردەم یەکێک لە دەرگاکانی زیندانەکەدا تەقاندەوە و ڕووبەڕووی پاسەوانانی زیندانەکە بوونەوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە زیندانیکراوانی داعش لە زیندانەکە چوونە دەرەوە و شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە.