کازمی سەردانی شەنگالی کرد

لڤین:
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دۆخی ئەمنی ناوچەکە گەیشتە قەزای شنگال و بڕیارە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆببێتەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سنووری نێوان عیراق و سووریای کرد و لە تویتێکدا رایگەیاند، بە یاوەری جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق و چەند ئەفسەرێکی سوپا و ئەمنی سەردانی سنووری سووریای کردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شنگال رایگەیاند، سەردانەکە بە مەبەستی ئاگاداربوونە لە دۆخی ئەمنی و پاراستنی سنوورەکە و رەنگە دواتر سەردانی لیوای 72 بکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوو سوپای عێراق هێزێکی زۆری بردووەتە ناوچەکە و لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالیش بڵآوپێکردنی سوپا لە ناو گوند و شارۆچکەکاندا نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە.