شاخەوان عەبدوڵا: ژمارەیەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دوورخراونەتەوە

لڤین:
جێگری دووەمی سەۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند ژمارەیەک کاندیدی سەرۆک کۆماری دوورخراونەتەوە و دواتر ناوی پەسەندکراوەکان رادەگەیەنن.
شاخەوان عەبدوڵا، لە دیدارێکدا لەگەل دەنگی ئەمریکا رایگەیاند: بەهۆی نەبوونی مەرجە یاساییەکانی تایبەت بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، “زۆرێک” لەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردوە دوورخراونەتەوە و لەماوەی داهاتوو ناوەکانیان رادەگەیەنن.
ئەو وتیشی: بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کێشەی رێژەی یاسایی ئامادەبونی پەرلەمانتارانمان نابێت، چونکە زۆربەی لایەنەکان کاندیدیان هەیە و بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: باشتربوو کورد بە یەک کاندید بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بکردبوایە ” چونکە ئەو پۆستە لەبەر ئەوەی ئیستحقاقی کوردە، باشتر وابوو کە کورد یەک کاندیدی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی کردی کە لە 2018 ش کردی، نەدەبوو دوبارەی بکەنەوە، دەبوو لەگەڵ پارتی دیموکرات ڕێکبکەون پێش ئەوەی کاندیدییان دیاری بکەن یان سوربن لەسەر کاندیدەکەیان، بە هەرحاڵ ئەوە وتوێژی سیاسی لە نێوان خۆیان هەیە و زیاتر ئەو بابەتە سیاسیە دەتوانن وەڵامی بدەنەوە. “