بنەماڵەی نەقیب محەمەد: ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن دەتوانن دەست لە پۆلیس بکەنەوە و ڕابکەن

لڤین:
خێزانی ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی کە لەکاتی ئەرکدا کوژرا دەڵێن، دەستگیرنەکردنی بکوژەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە تاوانباران دەتوانن زۆر بە ئاسانی ڕابکەن و دەرباز بن لە سزا.
ئاڵا لەتیف، خوشکی نەقیب محەمەد لەتیف لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، 52 ڕۆژ بەسەر کوژرانی براکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا بکوژەکان دەستگیرنەکراون.
خوشکی ئەو ئەفسەرە دەشڵێت “کەیسی شەهیدکردنی نەقیب محەمەد لەتیف ڕوویەکی دیکەی دۆخی مەترسیداری هەرێمی کوردستان و سەروەر نەبوونی یاسایە و سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن نەک دەتوانن دەست لە پۆلیس بکەنەوە و بیانکوژن و گڕ لە سەیارەکەیان بەربدەن، بەڵکو دەشتوانن زۆر بە ئاسانی ڕابکەن و دەرباز بن لە سزا.”
شەوی 4ی کانونی یەکەمی 2021 لە شاری سلێمانی داواکراوێک ڕووبەڕووی تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک کوژرا و سێ پۆلیسیش برینداربوون، تۆمەتبارەکانیش هەڵهاتوون هەرچەندە وەزیری ناوخۆ خۆی بەڵێنی دەستگیرکردنیانیدا.