وەزارەتى خوێندنى باڵا: بەبێ کارتى ڤاکسین مامەڵەى هاوڵاتیان ڕایى ناکرێت

لڤین:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، لە (١/٢/٢٠٢٢) بەدواوە پێویستە هاوڵاتیان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێ بێت، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ ڕایکردنى مامەڵەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئاماژە کردن بە بڕیارى سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبەنەوەى کۆرۆنا، لە گشتاندنێکدا چەند بڕیارێکى بۆ پاراستنی سەلامەتى گیانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد.
بڕیارەکان:
یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرگرتوە، پێویستە تاکو ڕۆژى پێنجشەمە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٢) وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى وەرگرتنى پێکوتە (ڤاکسین)ى دژە کۆرۆنا، بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.
دوەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتوە، بەبێ تێستى کۆرۆنا کە (٤٨) سەعاتى بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، ڕێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و بەنەهاتو هەژمار دەکرێت، لەڕۆژى دەرچونى ئەم نوسراوە.
سێیەم: لە دواى ڕێکەوتى (١/٢/٢٠٢٢) بەدواوە هیچ کەسێک ڕێگەى پێ نادرێت سەردانى بە وەزارەتەکەمان بکات بەبێ هەبونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى تێستى کۆرۆنا کە (٤٨) سەعاتى بەسەردا تێپەڕنەبوبێت.
جێگەى ئاماژە بۆکردنە لەلایەن تیمى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی و سەلامەتى لە وەزارەتەکەمان ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامەکان دەکرێت ئەگەر ڤاکسینى وەرنەگرتبێت ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو دیوانی وەزارەت.