ناو و رەفتار، بەبۆنەی ناوگۆڕینی کۆمەڵی ئیسلامیەوە

وەک چۆن مەرج نییە ئەوەی ناوی (ھێمن) یان (ئارام) بێت، ئیتر لە رەفتار و ھەڵسوکەتیا ھێمن یان ئارام بێت. یان ناوی (سادق) بێ کەسێکی راستگۆ بێت. ئاواش مەرج نییە ھەر حیزبێک ناوی دیموکرات یان سۆسیال دیموکرات بێت، ئیتر ئەو حیزبە پابەندی دیموکراسی بێت، یاخود کەدەسەڵاتی گرتەدەست دیموکراسی پەیڕەو بکات. لە کوردستان نمونەی وامان زۆرە. دروشمەکەی دیموکراسییە، کەچی ھەناسە ئازادەکان دەخاتە زیندانەوە.

چەند ساڵێکە لە ناو کادیرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، بەتایبەت کۆمەڵی ئیسلامی، کێشەی پاشگری ئیسلامی بووەتە بار بەسەریانەوە و بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕان لە کۆڵی خۆیانی بکەنەوە. لەم کۆنگرەیەی دوایدا زەمینە لەبار بوو جێبەجییان کرد. لە راستیدا ئەوە جورئەتێکی زۆری دەویست.

ئەزمونی لادانی پاشگری ئیسلامی لە ناو حیزبە ئیسلامییەکانی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی بەتایبەتی تونس و مەراکش سەری ھەڵدا. ئەو وڵاتانە کاریگەری کەلتوری کۆلۆناڵیزمی فەرەنسی بەسریانەوەیە، کە کەلتورێکی لیبراڵترە لە چاوی کەلتوری وڵاتە کۆلۆنالیستەکانی دیکەی ئەوروپا. ئیخوانەکانی تونس و مەراکش ناوی حیزبەکانیان گۆڕی بۆ (نەھزە)  و (عەدالت و تەنمیە)، ئەوە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەدەستھێنانی دەنگی غەیرە ئیسلامییەکان و رازی کردنی دڵی دەنگدەر. واتە لە قەناعەتێکی سەد دەرسەد نەبووە. ئەوانیش لەچاو لێکەری حیزبی عەدالە و تەنمیەی ئەردۆغان بوو.

بۆ من کە لە دورەوە مامۆستا عەلی باپیر دەناسم، بەڵام بەردەوام موتابەعەم کردوە. ئەم قەرارە زۆر موفاجەئە نەبوو، چونکە دەزانم لە پاڵ شارەزاییە زۆرەکەی لە ئوموری شەرعی و فیقھیدا ھەیەتی، سیاسەتمەدارێکی پراکماتیکی کەم وێنەیە. لە سەرەتای راپەڕیندا کەسێکی ئسوڵی و توندڕەو بوو. دیموکراسیەتی لە ئەلفەوە بۆ یا بە کوفر و ئیلحاد دەزانی. ھۆکارەکەشی ئەوە بوو لە پشتیەوە ھەزاران چەکداری گیان لەسەر دەست وەستابوون. کۆمەڵگایەکی ئامادەش ھەبوو بۆ تەقەبول کردنی بیروباوەڕە توندەکانی. ھەر بۆیە چووە جەنگێکی بێ ئەمانەوە لەگەڵ ئەوانەی پێی وا بوون ئەھلی کوفرن. بزوتنەوەکەی لەو جەنگەدا بە پارچە پارچەیی و دۆڕاوی شەڕ دەرچوو. بەڵام ئەمە وای نەکرد مامۆستا لە ساحەکە دەرچێت، بەڵکو خەسڵەتە پراکماتیزمەکەی وای کرد خۆی لەگەڵ دۆخی تازەدا رابینێ و لەگەڵ نەیارەکانی دوینێ ھەڵبکات و بسازێ. لە دوای روخانی سەدام ھەرچەندە ویستیان لە رێگەی زیندانی کردن و تۆمەت بۆ ھەڵبەستنەوە پاڵی پێوە بنێن بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی جیھاد، بەڵام جیھاد بۆ ئەو ببوە بەشێک لە رابردو. بۆیە نەکەوتە تەپکەکەوە و خۆی راگرت و لەگەڵ دۆخی نوێی عێراق و کوردستاندا خۆی گونجاند و چووە پرۆسەی دیموکراسییەوە و لەو حیزبانەی حەفتا ساڵە باسی دیموکراسی دەکەن، جوانتر مامەڵەی لەگەڵ دیموکراسیەتدا کرد.

بەردەوام بوونی لەسەر ئەم نەھجە کارێکی زۆر پۆزەتیڤە ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ حیزبەکەی. بەڵام مەرج نییە گۆڕینی ناوی حیزبەکەی بیگەیەنێتە ھەموو ئەو خەیاڵەی ئەو دەیەوێت پێی بگات، جونکە ئەزمونی ئەردۆغان نەبوونی پاشگری ئیسلامی و رەفتارە فاشیست و توند رەوەکانی خەڵکی ھۆشیار کردوەتەوە. بە ئاسانی قەناعەت ناکات.

کورد واتەنی یاخوا کۆمەڵی دادگەری کوردستان ناوگیر بیت و ناوەکەی بەخۆیەوە بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button