یازده بەڕێوەبەرى نوێى شارەوانیەکانی ھەولێر دەست بەکاربوون

لڤین:
پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ ئەو 11 بەڕێوەبەری شارەوانیەی لە ھەولێر گۆڕدراون دەست بەکاربوون و داوای لێکردن رێگری بکەن لە زیادەڕەوی سەر زەوی گشتی.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵیان وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى دەست بەکاربوونیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و چەند ڕێنمایی و ڕێنوێنیەکى پێشکەشکردن.
پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەولەویەتى کارى ئێوە لە دام و دەزگایەکى خزمەتگوزارى بەشێوەیەکى گشتیى خزمەتکردنى هاوڵاتییانە بەیەکسانى، بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێتان سپێردراوە هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن.
ئەو وتیشی “ئێوە بەشێکى گرنگن لەناو و ناوبانگى حکومەت، بۆیە دەبێت هەر یەکێک لە ئێوە بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر و وەک یەک تیم و گروپ کارەکانتان لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکەن و ڕێگرى بکەن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و چاوپۆشى لەهیچ کەس و لایەنێک نەکەن کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى حکومەت و بەو پەڕى بەرپرسیاریەتى و شەفافیەت و پاکییەوە مامەڵە لەگەڵ کاروبارەکانتان بکەن”.
ئەوەشی وت: ئەوەى لەسەر ئێوە پێویستە ئەوەیە بەیەکسانى و بەو پەڕى ڕێزەوە لە ڕایکردنى مامەڵە و کاروبارەى هاوڵاتییان ئاسانکارییان پێشکەش بکەن و ڕۆتین کەمبکەنەوە. دووبارە هیواى سەرکەوتن بۆ هەموولایەکتان دەخوازین”.