کەمتر لە هەفتەیەکدا بارزانی دووجار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلی باپیر کرد

لڤین:

بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بارزانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلی باپیر کرد، ئەو دوو پەیوەندییەش لە دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزیی پەیوەندیی نێوان حزبەکانیان و دابڕان دێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کرد، لە پەیوەندییەکەدا بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارمی کۆمەڵی ئیسلامی (کۆمەڵی دادگەریی کوردستان) کردووە.

ئەم پەیوەندییەش لە کاتێکدایە چوار ڕۆژ پێش ئێستا، دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزیی پەیوەندیی نێوان حزبەکانیان و دابڕان، عەلی باپیر، ئەمیری کومەڵی ئیسلامی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی کرد و بەبۆنەی کۆچی دوایی ڕۆژ نوری شاوەیسەوە، سەرەخۆشی لە بارزانی کرد، ئەوەش جارێکی دیکە گەرموگوڕی گەڕاندوەتەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button