دادگای فیدڕاڵی پێداچونەوەی بۆ سکاڵای پەرلەمانتارەکان دواخست

پارێزەری مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەنی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان لە دانیشتنەکەدا وتی: مەشهەدانی دانیشتنەكەی جێهێشت كاتێك لەلایەن یەكێك لە ئامادەبوانەوە لە (سەر)ی درا، مەشهەدانی راپۆرتی پزیشكی هەیە لەبارەی هێرشەكە.
ئەو وتیشی: مەشهەدانی داوایەكی پەرلەمانتار ئەحمەد ئەسەدی لە (چوارچێوەی هەماهەنگی) وەرگرتووە سەبارەت بە كوتلەی گەورە، مەشهەدانی دەیویست داواكارییەكە بخاتە بەردەم لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكارییەكە خرایە بەردەم لیژنەی ناوبراو، بەڵام نازانین دواتر چی رویدا.
ھەر لە دانیشتنەکە پارێزەری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمان وتی: هۆكاری چونە دەرەوەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەنی كۆبونەوەی یەكەم، داواكارییەكی پەرلەمانتار باسم خەشان بووە، كە تێیدا خۆكاندیدكردنی محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رەتكردوەتەوە.
پەرلەمانتار باسم خەشان یەکێک لە سکاڵاکارەکان لەبەردەم دادگای فیدراڵیدا رایگەیاند: ئەوەی لە كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەماندا رویدا، هیچ پەیوەندییەكی بە رۆحی یاساوە نەبووە. جگە لە نمایشكردنی هێز، هیچ شتێكی تر نەبوو.
دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەم، یەکەم دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ھەڵبژێردران.
رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت.