بەفر زیانى بە زیاتر لە 100 فیدەرى کارەبای سلێمانی گەیاندووە

لڤین:
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى رایگەیاند،بارینى بەفر زیانى بە زیاتر لە 100فیدەرى دابەشکردنى کارەباى سنورى پارێزگاى سلێمانى گەیاندوە و تەنیا لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى 67 فیدەر زیانى پێگەیشتووە و 7 محەویلەى کارەباش سوتاوە و دوێنى 50 فیدەریان چاککراوەتەوە.
ئەنوەر حمە سعید، لێپرسراوى بەشى پلان لە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى رایگەیاند: بەفربارین زیانى بە 67 فیدەرى کارەباى سنورى بەرێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى گەیاندوە و هەردوێنى 50 فیدەریان چاککراوەتەوە و کارەباى بۆ گەڕاوەتەوە و 10 فیدەریان ماوە ئەمڕۆ چاک دەکرێنەوە.
وتى : زۆربەى کێشەکان بەهۆى درەختى سەر شەقامەکان بووە و بوون بەهۆى دروستبوونى شۆرتى کارەبا و کەوتنى فیدەرەکان، کە بەداخەوە بەشى باخچەکان هاوکارمان نین لە هەڵپاچینى درەختەکان و دورخستنەوەیان لە تۆڕەکانى کارەبا و ئەوەش لەوەرزى زستاندا کێشە بۆ تۆڕەکانى دابەشکردنى کارەبا دروست دەکەن.
هاوکات لە دەرەوەى شارى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و دوکان و چەمچەماڵ ژمارەیەک فیدەرى کارەبا کێشەیان بۆ دروست بوو، تیمەکانى چاکسازیی تۆڕەکانى توانیان زۆربەیان چارەسەر بکەن و کارەبایان بۆ بگێڕنەوە.