وەزارەتی تەندروستی: پێنج گومانلێکراوی کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێم هەیە

لڤین:

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئاشکرایکرد، لە ئێستادا پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا لە هەرێم هەیە و بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە، بە هەستیاریەوە چاودێری ڤایرۆسە نوێیەکە دەکەن و ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت.

کەمێک پێش ئێستا ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئامژە بۆ ئەوە کراوە کە وەزیری تەندروستی، تەندروستی پارێزگا و ئیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و تێست کردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاوشێوەی فڕۆکەخانەکان، ڕاشیگەیاندووە کە “لە ئێستادا پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە و ڕایدەگەنین کەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

سەبارەت بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەموو پێداویستیەکانی دەستنیشانکردن لە ئامێری تایبەتمەند و تێستی تایبەت بەم ڤایرۆسە دابینکراوە.

بەڕێز وەزیری تەندروستی، تەندروستی پارێزگا و ئیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و تێست کردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاوشێوەی فڕۆکەخانەکان و بەدواداچوونی بەرکەوتەکانیان و ڕووپێوکردنیان و هەماهەنگی کردن لەنێوان تاقیگەکانی تەندروستی گشتی لە پارێزگاکان بۆ ئاڵوگۆڕی شێوازی کارکردن و دەستنیشانکردن و هاوکاری کردن لە پێداویستیەکان.

هەروەها ڕاسپێردراوون بۆ چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی بۆ خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیان و پتەوکردنی زیاتری ڕێکارەکان و پێداویستیەکانی چارەسەری لە نەخۆشخانەکان.

لە ئێستادا پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە و ڕایدەگەنین کەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

تا ئێستا لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆکۆلی چارەسەریی هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19 بەڵام بە هەستیاریەوە چاودێری ئەم ڤایرۆسە دەکەین.

ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە لە پارێزگاکانی تری عیراق ڕوو لە هەرێم دەکەن.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

20 شوبات 2021

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button