یەکێتی زانایان: داخستنی یانەی شەوانەو دەستگیرکردنی باندی لەشفرۆشی جێگەی دەستخۆشیە

لڤین:
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، پۆلیس و ئاسایش بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، باندێکی گەورەی لەشفرۆشیان دەستگیر کرد و چەند یانەیەکی شەوانەشیان داخست، خوازیارن هەموو ئەو شوێن و کەس و یانانەی مەترسیان بۆ کۆمەڵگەو شیرازەی کۆمەڵایەتی هەیە دابخرێن.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا دەڵێت “لەو چەند رۆژەی رابردوو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، باندێکی گەورەی لەشفرۆشیان دەستگیر کردو چەند یانەیەکی شەوانەشی داخست، کە مەترسی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە لەرووی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی سنوورو بەها ئەخلاقیەکان و تێکدانی نەریت و رەوشتی رەسەنی کوردەواری، وە لەگەڵ هیچ بەهاو پێشکەوتنێک یەک ناگرێتەوەو پێچەوانەی بنەمای یاسایی و رێساکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.”
یەکێتیەکە ئاماژەی بەوەسکردووە “لەو سۆنگەوە یەکێتی زانایان دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکات و ئەم بڕیارەی حکومەت و پارێزگای هەولێر بەرز دەنرخێنێت و بەلایەوە هەڵوێست و هەنگاوێکی پێویست و دروستە و جێی پێزانینە”.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەوەی خستوەتەڕوو “خوازیارین حکومەت لەو هەوڵ هەنگاوانه بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو شوێن و کەس و یانانەی مەترسیان بۆ کۆمەڵگەو شیرازەی کۆمەڵایەتی هەیە دابخات و رێکاری پێویست لە بەرامبەریان بگرێتە بەر.”