سێ کۆڵبەر بە تەقەی سەربازەکانی ئێران کوژران و برینداربوون

لڤین:
ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە سنووری بانە دەستڕێژیی گولـلەیان لە گروپێک کۆڵبەر کرد، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا کۆڵبەرێک کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکە برینداربوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند ئەو کۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی ٢٤ ساڵە و ناوی مێهران ڕەحمانی ییە، دەشڵێت:دوو کۆڵبەری دیکە بەناوی ئیبراهیم ڕەحمانی، تەمەن ٤٥ ساڵ و هاوڕێ ئەحمەدی، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا برینداربوون.
ئەو کۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە دوو ساڵ پێش ئێستا ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنابوو و بەم زووانە لەگەڵ هاوسەرەکەی یەکەم منداڵیان دەهاتە دنیا.
بە گوێرەی دوای ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز، لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٥٤٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانی کوردستان کوژراون و زیاتر لە هەزار و ٦١ کۆڵبەری دیکەش لەو ناوچانە برینداربوون.