شۆفێری ئۆتۆمبێلە سەرپێچیکارەکەی هەولێر دەستگیرکرا

لڤین:
ئەو شۆفێرەی كە لەكاتی لافاوەكەی هەولێر لە تابلۆیەكی هێمای هاتووچۆی دابوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، هاتوچۆی هەولێریش رایدەگەیەنێت، شۆفێرەكە چەندین تاوان و سەرپێچی دیكەی ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەستگیركردنی شۆفێرێك بەناوی (سەڵاح مۆنیكا) بڵاوكردەوە، كە دوێنێ پێنجشەممە، لەكاتی لافاوەكەی هەولێر، سەرپێچی هاتوچۆی كردبوو، لە تابلۆیەكی هێماكانی هاتووچۆشی دابوو.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژە بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر، كەسێك بەناوی (سەڵاح مۆنیكا) كە خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی تایبەتە لەجۆری لاندكرۆز، دەستگیركرا.
روونیكردووەتەوە، هۆكاری دەستگیركردنی شۆفێرەكە، كۆمەڵێك تاوان و سەرپێچی بووە، كە دوێنێ پێنجشەممە، لەكاتی كۆبوونەوەی ئاو لەهەندێك لەشەقامەكانی هەولێر ئەنجامی دابوون، كە ئەوانیش تێكشكاندنی هێماكانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەكەی، هەروەها شكاندن و شێواندنی شۆستەكان لەهەندێك شوێن كە بەسەركەوتن و شكاندنەكەش تەنها بۆ نیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێلەكەی بووە.
وەک هاتووچۆ دەڵێت، شۆفێرە سەرپێچیكارەكە، دەستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەشی كردووەو ەبەشێكی شاردۆتەوە، كە ئەمەشیان تاوانە، هەروەها دەستكاری ئاكاری ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار كە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە، ئەمەشیان سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە.
جەختی لەوەكردووەتەوە كە هۆكاری دەستگیركردنی شۆفێرەكە، جگە لەو تاوان و سەرپێچیانە، هیچی تری بەدواوە نەبووەو پەیوەندی بەیارمەتیدانی خەڵكەوە نەبووە لەكاتی لافاوەكە، راشیگەیاندووە، هیچ كات حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كەسێك دەستگیر ناكەن لەسەر یارمەتیدانی خەڵك، بەڵكو دەستخۆشیشی لێدەكەن