بارەگای حزبە سونییەکان لە بەغداد هێرشیان کرایەسەر

لڤین:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بارەگای هاوپەیمانی عەزمی خەمیس جەنجەر لە ناوچەی یارمووک و بارەگای تەقەدومی محەمەد حەلبووسی لە ناوچەی ئەعزەمییەی باکووری بەغداد کردە ئامانج.
سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا ڕایانگەیاند، تەقینەوەکان لەڕێگەی مینی چێندراوەوە بوون و زیانی ماددیی بە بارەگای هەردوو حزبە سونییەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هاوکات دوای تەقینەوەکان هێزێکی ئەمنیی زۆر لە ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە، هەردوو حزبەکەش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەوەش دوای ئەوەهات کە دوینێ پارتی ڕایگەیاند بارەگاکەی لە بەغداد لە ڕێی بۆمبەوە هێرشیکراوەتە سەر و شەوی ڕابردووش سێ موشەک ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق کران.