ژمارەی راستەقینەی لەشفرۆش و قومارچیە دەستگیرکراوەکانی هەولێر 179 کەس بووە

لڤین:
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی ڕابردوودا 179کەسیان دەستگیرکردووە کە کاری نایاساییان کردووە و برێک کەرەستەی بەکارهینانی ماددەی هۆشبەریشیان دەستبەسەردا گرتووە.
پۆلیسی هەولێر لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەیان لە شارەکە بۆ یانەیەکی شەوانە لەسەر ڕێی کەرکوک- هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە ودەڵێت “دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر کەوا چەندین کاری نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت” ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە.
پۆلیس ئەوەسی ڕاگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە “درەنگانی شەو تاکو بەرەبەیان لەو شوێنە (102) پیاو و (77) ئافرەت دەستگیر کران وە هەروەها خاوەنی شوێنەکەش دەستگیر کرا”.
هەرچەندە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە بەرپرسێکی پلەباڵا خاوەنی شوێنەکەیە، بەڵام پۆلیس دەڵێت دەستگیریان کردووە و باسی لەوە نەکردووە کە بەرپرس بێت.
پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردووە: لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبدا گیرا.
دەشڵێت: پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کرایەوە و لە کاتی ئێستادا تۆمەتباران بەپێی بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و ئەم هەڵمەتەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت.