سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: زۆرترین پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی ڕابردوودا لە هەولێر بووە

لڤین:
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند ساڵی ٢٠٢١ ئەو پێشێلکاریانەی لەلایان تۆمار کرداوە، ١٨٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە و ٣٥ ڕۆژنامەنوس دەستگیركراون هەولێر زۆرترین پێشێلکاری تیادا کراوە.
لە شاری سلێمانی لیژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماری پێشێلکاریەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ژمارەی ئەو پێشێلكارییانەی لەساڵی ڕابردوودا كراوە ٧٩ حاڵەت بووە و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگایانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە ١٨٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن بوون.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ١٧حاڵەتی دەستگیركردن هەبووە و ڕێگەنەدان و جیاكاریی ٣١ حاڵەت هەبووە، هێرش و سوكایەتی ٢٢ حاڵەت هەبووە، چوار حاڵەتی لێدان هەبووە، دوو حاڵەتی هەڕەشە و داخستنی نووسینگە و كەناڵ سێ حاڵەت هەبووە.
بە گوێرەی ئامارەکە پارێزگای هەولێر پێشەنگە لە پێشێلكاری دژی ڕۆژنامەنوسان و ٣٣ حاڵەتی تیادا تۆمارکراوە و دوای ئەویش سلێمانی دێت کە ٢٠ حاڵەت بووە و دهۆك سێ حاڵەت و هەڵەبجە یەك حاڵەت و كەركوك ١٧ حاڵەت.