كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان: هەوڵی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زیندانیەكان هەیە

لڤین: كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان رایدەگەیەنن، دەستەڵات ھەرەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی زیندانیكراوەكان دەكات، بۆیە ئێمە تكا دەكەین بەم كارە زیاتر ئازارمان مەدەن و خەڵك توڕەتر مەكەن.

پێشتر لڤین پرێس ئاشكرای كردبوو كە پیلانی بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی ئەو پێنج دەستگیركراوە بادینان دانراوە و هەوڵدەدرێت هەفتەی داهاتوو لە كەنالێ كوردستان 24وە بڵاوبكرێتەوە، كەسوكاری زیندانیەكان هەواڵەەی لڤین پشتراست دەكەنەوە.

كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان لە بەیاننامەیەكی ناڕەزایدا دەڵێن “ھیچ بەڵگەیەك لەسەر تۆمەتباركردنیان نەبوو و لەو چەند مانگەی لە زیندان دابوون ئەشكەنجەدراون و ھەرەشەی ژن و مناكیان لێكرابوو”.

ئەوەشیان وتووە “دەستەڵات بە رێگای ناراستەوخۆ ھەرەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی زیندانیكراوەكان دەكات، بۆ رای گشتی و ناوەندە جیھانیەكان رادەگەیێنین: دروستكردنی ڤیدیو لە ژێر ھەرەشە و ئەشكەنجەدان كارێكی نایاسایی و نا ئەخلاقیە”

دوای ئەوەی لە رێككەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ بە بریارێكی نا داپەروەرانە پێنج لە كەسوكارەكانمان كە پێكدێن لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوھدار زێباری، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا) كە روژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی بوون بۆ ماوەی شەش سال زیندانیكران، لە كاتێكدا ، بێ بەشكرابوون لەو مافەی پارێزەریان ھەبێت تا رۆژی دادگاییكردنیان.

ئاماژەیان بەوە كردووە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی كەسوكارەكانیان “ئێمە و خەڵك زیاتر توڕە و ئازار ئەدەن و دەستەڵات سومعەی خۆیان و ھەرێمەكەمان ناشیرینتر دەكات، بویە رێچارە ئازادكرنی زیندانیان و ئاشتەوایییە نەك ترس و تەحەدا لەگەڵ كەسانی مەدەنی و مافخواز”.

ئەوان داوای هاوكاریان لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراو ناوەندە جیهانیەكان و كونسوڵ، باڵیۆزخانەی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، پەرلەمانی كوردستان و عێراق كردووە كە چاودێری پرۆسەكە بكەن.

ئەوان تكاشیان لە دادگای پێداچوونەوە كردووە بە ئازادكردنی كەسوكارەكانیان كە هیچ تاوانێكیان نیە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێت و دەشڵێت: داواكارین حكومەتی ھەرێمیش واز لە تەحەدا و فشارخستنە سەر دەستەڵاتی دادوەری بھێنێت و بە نیشتیمانییانە مامەڵە بكات.

رۆژی 16ی ئەم مانگە رۆژنامەنوس و چالاكوانان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوھدار زێباری، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا) لە دادگای تاوانی هەولێر هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران ئەوەش نا{شەزایی زۆر لایەن و كەسایەتی لێكەوتەوە و بە سزایەكی نادادپەروەرانەیان لەقەڵەمدا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button