تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە هەوڵی نانەوەی پشێوی دابوو لە سلێمانی

لڤین:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات لە سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لەچەند شوێنێک لەناو شاری سلێمانی نمایشی بە ئۆتۆمبێل و چەک کردووە و تەقەی کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ) بڵاویکردوەتەوە ڕایگەیاندوە،” دوای ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کەوا تۆمەتبارێک چەک و چەند تابلۆیەکی ئوتومبێلی ساختەی پێیە و هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات، دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بەپەلە کرا بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار لەلایەن بنکەی پۆلیسی کوردسات بەناوی (د، ک، ع ) دەستگیر بکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستگیرا بەسەر ئوتومبێلێک کە تابلۆی ساختەی پێوەبووە و لەگەڵ چەند تابلۆیەکی تری ساختەی ئوتومبێلدا”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ” تۆمەتبار بە بڕیاری بەڕێز دادوەرو بەماددەی (۲۷۹) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامەو لەهەر شوێنێکی تریش داواکراوبێت ڕەوانەی شوێنی داواکردنەکەی دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان”.