سیناریۆی پێکهێنانی حکومەت و بژاردەکانی کورد…

شیکاری- د.سەنگەر سەیدقادر*
ئەمڕۆ لە ئیمارات بۆ جاری دووەم هاوپەیمانی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر کەنوێنەرایەتی سونە دەکەن کۆدەبنەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هاوکات وەفدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە گەشتنە حەنانە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدرو یەکلا کردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، لەکوردستانیش یەکیەتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە دانوستاندن دان.
-دانیشتنەکەی یەک شەممە:
بەپێی مادەی 54 لە دەستوری عێراق لە ماوەی ١٥ ڕۆژ لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژارنەکان سەرۆک کۆمار بە مەرسومێکی کۆماری ڕۆژی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت، پشتبەست بە مادەی 54 ی دەستور بەرهەم ساڵح ڕۆژی ٩ کانوونی دووەمی بۆ یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق دیاری کرد، کە محمود مەشهەدانی تەمەن ٧٣ساڵ وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات، بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ کام لە لایەنەکانی کورد و سونە و شیعە لە سەر پۆستەکان نەگەشتونەتە ڕێککەوتن بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی پەرلەمان بەکراوەی بهێڵدرێتەوە تا کاتی یەکلایی کردنەوەی پۆستەکان و بەربژێرەکان.
-گۆڕانی هاوکێشەی هێز و ئایندەی هاوپەیمانیەتیەکان:
هەڵبژاردنی تشرینی یەکەی 2021 بەبەراورد بە چوار هەڵبژاردنی ڕابردوو جیاواز بوو، هاوکێشەی هێزی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا گۆری چونکە:
یەکەم/ بۆیەکەمین جار 38 ئەندامی سەربەخۆ خۆیان گەیاندە پەرلەمانی عێراق هاوکات بەرەی ناڕازی شەقام لە پەرلەماندا بوونە خاوەنی 41 نوێنەر.
دووەم/ بۆیەکەمین جار لەدوای ساڵی 2003 وە موقتەدا سەدر توانی زیاتر لە 70 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت لە کاتێدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوو خاوەنی تەنها 49 کۆرسی بوو، بەمەش هاوکێشەی هێز لەناو بەرەی شیعەدا گۆردرا.
سێیەم/ حشدی شعبی کەلەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 وە بە تەواوی دەستیان بەسەر پرۆسەی سیاسی عیراقدا گرت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 دا توشی شکستێکی گەورە بوون بەجۆرێک ژمارەی کورسیەکانیان لە 48 کورسیەوە بو 17 کورسی کەمی کرد.
چوارەم/ لەسەر ئاستی ململانێ ناوچەی و نێودەوڵەتیەکان لە عیراقدا پارسەنگی هێز بەبەرژەوەندی بەرەی ئەمریکاوە گۆڕاوە، لەکاتێکدا لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2018 وە ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵی عیراقی کردبوو وە ژەنەڕاڵ قاسم سولیمانی خاوەنی بڕیاری کۆتایی بوو لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا.
-سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق:
لەسەروبەندی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا وە تەنانەت لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش موقتەدا سەدر سور بوو لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و کەنارگیر خستنی حشد و نەیارەکانی لەبەژداریکردن لە حکومەتدا، بەڵام لەژێر فشاری ئەمەریکاو مەترسی ئاڵۆز بوونی دۆخی عێراق سازشی لەو خواستەی کرد و ڕازی بوو بە پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشی نشتیمانی کە بەرەی عامری لە ناو حشد دا بەشداری تێدا بکەن، هەربۆیە لە ئێستادا چەن سینارۆیەک هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت :
یەکەم/سیناریۆ بەهێزەکە: لەم سیناریۆیەدا حکومەتی عێراق بەڕێکەوتنی کورد و سونەو موقتەدا سەدرو عامری و عبادی و عمار حکیم و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان پێکبهێنرێت، کە خاوەنی زیاتر لە 212 کورسی پەرلەمانی عێراقن، لەم سیناریۆیەدا ئەو کەسەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت کەسێکی بێلایەن دەبێت کەخواستی ئەمریکا و لاری نەبوونی ئێرانی لەسەر بێت، هەریەکە لە کازمی و اسعد عیدانی و محمد سەدر و علی شکری و حیدر عبادی و محمد شیاع سودانی و محمد علاوی و عدنان زرفی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناویان دەهێنرێت.
دووەم/سیناریۆی دووەم: پێکهنانی حکومەتی عێراق بە بەشداری تەواوی هێزە براوەکانی هەڵبژاردن بە حشدی ولائی و نوری مالکیشەوە، ئەم سیناریۆیە ئەستەمە رووبدات چونکە موقتەدا سەدربە ئاشکرا ڕایگەیاندوە کە تەنها پشتیوانی حکومەتی زۆرینە دەکات، لەم سیناریۆیەشدا هەریەک لە کازمی و عبادی و اسعد عیدانی چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان دەبێت، بەڵام تەنها لەکاتێکدا ئەگەری ڕودانی هەیە کە سەدر دەسبەرداری حکومەتی زۆرینە بێت لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن کازمی وە
سیناریۆی سێیەم: پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق بە هاوپەیمانی سەدر و سونەو کورد بەبێ شداری بەرەی ئێران ( چوار چێوەی هەماهەنگی ) ئەم سیناریۆیەش ئەستەمە روبدات چونکە خواستی ئێرانی لەسەر نیەو وە کێشەو ئاستەنگی زۆری بۆ دروست ئەکرێت ، ئێران بە ئاشکرا هۆشداری داوە لەم سیناریۆیەو وە یەکێتی و پارتی ئاگادار کردوەتەوە کە نەبن بەبەشێک لە ململانێ ناوخۆیەکانی شیعە.
سیناریۆی چوارەم: پێکهینانی حکومەت بە هاوپەیمانیەتی چوار چێوەی هەماهەنگی ( حشد و مالکی) کورد و سونە، دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر لە بەشداریکردنی لە حکومەتدا و پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی مالیکی، ئەم سیناریۆیە ئەگەری ڕوودانی ئەستەمە و وە بەشداری پێنەکردنی سەدر حکومەت ڕووبەروی هەمان چارەنووسی عبدولمەهدی دەکاتەوە.
-کێ دەچێتە سەر کورسی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق:
یەکەم/ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عراق : بەپێی عورفی سیاسی لە عێراق پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی موقتەدا سەدر کە براوەی هەڵبژاردنەکانە نایەوێت ڕاستەوخۆ پۆستەکە وەربگرێت لە ترسی شکست و بەرپرسیاریەتی و چونە ململانی لەگەڵ ئێراندا، هەر بۆیە پۆستی سەرۆک وەزیران دەدرێت بە کەسێکی (سەربەخۆ) کە ناڕاستەوخۆ فەرمان لە سەدر وەربگرێت، لە ئێستاشدا کازمی چانسی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە دوای ئەویش محمد علاوی و محمد سەدر.
دووەم/ پۆستی سەرۆک کۆمار: لەو پرسەدا ئێران بڕیاردەری سەرەکیەو بە ئاشکرا بە پارتی ڕاگەیاندووە کە ئەو پۆستە پشکی تەنها لە ئەگەری بەربژیربوونی نێچیرڤان بارزانی دانەبێت، لە ئێستاشدا کاندیدی بەهێزی یەکێتی بەرهەم ساڵح ە، هەریەکە لە مەلا بەختیار و لەتیف رەشید وەک جێگرەوە ناویان دەهێنرێت. بەڵام پارتی لە مانۆڕێکی سیاسیدا دەیەوێت هەم خۆی لە هەڕەشەکانی ئێران لابدات و هاوکات کاندیدێکی نزیک لە پارتی بەسەر یەکێتیدا بسەپێنێت ئەمەش لەچەند ڕێگایەکەوە:
۱/ قۆستنەوەی کێشەناوخۆیەکانی یەکیەتی وەک کارتێکی فشار بۆسەر بەرەی دەباشان بۆ ڕازیبوون بەکاندیدە دڵخوازەکەی پارتی .
۲/ ئەگەر بێت و کێتی و پارتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا پارتی پلانی هەیە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات کە لاری نەبوونی و ئێرانیشی هەیە .
۳/ پارتی بەراورد بە ساڵی 2018 پێگەو سەنگی لە بغداد بەهێز تر بووە وە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرکردەو هێزە سیاسیەکانی شیعەدا ئاسایی کردوەتەوە، ئەمەش وادەکات دووبارە بوونەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ یەکێتی ئەستەم بێت، چونکە نە یەکێتی هیزی 2018 ی هەیە و نە قاسمی سلیمانیش زیندووە نە پارتیش وەک ساڵی 2018 کێشەی لەگەڵ هیزە شیعەکاندا هەیە.
٤/ پارتی لە ڕێگەی مانۆرە سیاسیەکەیەوە دەیەوێت کارتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەک فشار بەکار بهێنێت بۆ ناچارکردنی یەکێتی بە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک کە سەربەخۆ بێت یان دڵخوازی پارتی بێت.
سێیەم/ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان: سەرۆکی پەرلەمان پشکی سونەکانەو لە ئێستادا ململانێیەکی توند هەیە لە نێوان هاوپەیمانی العزم کە خاوەنی 16 کورسیەو خمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات و بە بەرەی تورکیا ناسراون و هاوپەیمانیەتی حلبوسی کە خاوەنی 37 کورسیەو ئیمارات و سعودیە پشتیوانی دەکەن.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەکە لە بەرەی حلبوسی و خەنجەر لە ئیمارات بە نێوەندگیری شێخ تەحنون بن زایدی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیمارات کۆبوونەتەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان کە پێشنیارکراوە حلبوسی سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرێت و هاوپەیمانیەتی خەنجەریش پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار و وەزارەتێک وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانیەتەکەی خەنجەر بە پێشنیازەکە ڕازی نین و هەرەشەی کشانەوە ئەکەن ئەگەر حلبوسی پۆستەکە وەربگرێتەوە و خالد عوبیدیان وەک کاندیدی جێگرەوە پێشنیاز کردووە.
لە کۆتاییدا ئەوەی چاوەڕێدەکرێت حکومەتی عێراق لە ماوەیەکی کورتدا پێکبهێنرێت، بە بەراورد بەڕابردوو پرسی پێکهێنانی بۆ ماوەی چەند مانگێک دوانەکەوێت، پرۆسەی پکهێنانی حکومەت لە عێراق بەوە ناسراوە لە کۆتاییەکانی خولەکی زیادکراودا بڕیاری کۆتای لێدەدرێت و وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی یەکلایی کەرەوەیان دەبێت لە دابەشکردنی پۆستەکان و دیاریکردنی کاندیدەکاندا.
-دەرئەنجام:
یەکەم/ ئەمریکا لە ئێستادا لەگەڵ مانەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراقە وەک خۆی، بە تایبەتی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ ڕێگری لە پشێوی و ئاڵۆزی لە عێراق لەدوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا.
دووەم/ بەهەمان شێوە ئێران لەگەڵ مانەوەی کازمی و بەرهەم ساڵح دایە یان کەسێکی هاوشێوەیان، بۆئەوەی بتوانێت رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت لە نێوان بەرەی ئێران و ئەمریکادا چونکە سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی خواستی ئەمریکا گرفت بۆ بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی ئێران لە عیراق دروست دەکات و ئەگەری سەپاندنی سزاو ئاڵۆز بوونی دۆخی ئەمنی عێراق زیاتر دەکات ، لە ئێستاشدا بۆ ئێران پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی لە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بۆ گرنگ ترە لە عێراقدا.
سێیەم/ حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی هاوبەش و پشکدار دەبێت لەژێر ناوی حکومەتی زۆرینەدا، چونکە ئامانجی سەدر دوورخستنەوەی مالکی و بەرەی ەلائی حەشدە نەک پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە.
چوارەم/ ڕۆڵی حشد لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا لاواز تر دەبێت،چونکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گورزێکی کوشندەی لە پێگەیان لە پەرلەمان وەشاند و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا سەدر لە ڕێگای کازمیەوە توانی تا ڕادەیەک لە ناو سوپا و هەواڵگری و دەزگا کارگێریەکاندا ڕیشەکێشیان بکات.
پێنجەم/ ڕێککەوتن یان ڕێکنەکەوتنی ئەمریکاو ئێران لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەنووس و ئایندەی حکومەتی نوێی عێراق.
شەشەم/ حکومەتی داهاتووی عێراق لە ئەگەری هاتنەدی سیناریۆی یەکەمدا دەستکراوە دەبێت، بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگی گرنگی دێتە پێش لەوانە پرسی ئەمنی و حشدی شعبی و کێشەی ئاو و ناجێگیری نرخی نەوت و جوڵاندنی شەقام و پرسی گەندەڵی کە ئەمە دەبێتە قۆناغێکی یەکلایکەرەوە لە مێژووی عراقی نوێدا.
حەوتەم/ بۆ موقتەدا سەدر چوار ساڵی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی قورس و قۆناغێکی چارەنووس سازە بە تایبەت لە ئەگەری مردنی خامەنەیی و سیستانیدا، چونکە سەدر چاوی لە کورسیەکەی سیستانی و بە سیاسی کردنی کورسی مەرجەعیەتی شیعەی عێراقە هاوشیوەی ویلایەتی فەقیهی ئیران لە بەرگی عێراق چێتیدا.
هەشتەم/ پرسی کورد لە چوار ساڵی داهاتوودا لە عێراق لەژێر مەترسیدایە بەتایبەت لە ئەگەری کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا و ستراتیژی بەمەرکەزیەت کردنی عێراقدا.
نۆیەم/ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی عێراق لەبەردەم هەلێکی زێڕیندایە بۆ گێڕانەوەی پێگەو سەنگی خۆی لە ناوچەکەدا بەو مەرجەی حکومەت توانای لەسەر پێی خۆ وەستانی هەبێت.
دەیەم/ شەش مانگی یەکەمی پێکهێنانی حکومەت قۆناغێکی چارەنووس ساز دەبێت بۆ ئایندەی حکومەت، بەتایبەت لەپرسی ڕووبەرو بوونەوەی گەندەڵی و حشدی شعبی و ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا.
*بەرپرسی دیسکی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button