عامری و عوبەیدی کۆبوونەوە

لڤین:
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و سەرۆکی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی عەزم کۆبونەوە، لەبارەی بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو گفتوگۆیا کرد و هەردوولا داوایانکرد کەسانی بەتوانا لە حکومەتدا جێگیربکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ خالید عوبەیدی، سەرۆکی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی عەزم لەبەغداد کۆبونەوە.
لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتووە، هەردولا باسیان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو و شێوازی هاوپەیمانییەکانیان کردووە پێش کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لەکۆبونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی پێکهاتوو لەکەسانی خاوەن توانا، بەجۆرێک بتوانێت قەیرانە دارایی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان تێپەڕێنێت کە وڵاتی گرتوەتەوە، بەرژەوەندی دەوڵەت بخاتەپێش و قۆناغی داهاتوو بەسەرکەوتویی تێپەڕێنێت.