پێشنیار کراوە ئەوەی ڤاکسینی بەکار نەهێنابێت کاری لە فەرمانگەکانی حکومەت بۆ نەکرێت

لڤین:
لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنای هەرێم کۆدەبێتەوە و یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە ئەوەدەبێت كە ئایا وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە مەرج بۆ سەردانكردنی فەرمانگە حكومییەكان.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی پێشوو كۆببێتەوە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرژوەندی هاوڵاتییان گفتوگۆی لەسەر دەكەین و پێشنیازەكانیشمان دەخەینە بەردەم لیژنەی باڵا”.
وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر لە مانگی 8 ئامارەكانی كۆرۆنا هەڵكشان و لە ماوەی شەش هەفتەدا گەیشتە لوتكە، ئێستا ئامارەكان كەمیان كردووە، بەڵام ناتوانین بڵێین مەترسی نەماوە، پێشبینی شەپۆلی دیكە دەكرێت وەك هەموو وڵاتانی دیكە، بەتایبەتی ئێستا كە جۆری ئۆمیكرۆن بڵاوبووەتەوە.
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە لە کۆبونەوەکەدا پێشنیاری ئەوە بۆ لیژنەکە بەرزدەکرێتەوە کە بەکار هێنانی ڤاکسین بکرێتە مەرج بۆ سەردانکردنی فەرمانگە حکومییەکان.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن کە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی گفتوگۆ ڕاگرتنی موچەی ئەو فەرمانبەرانە دەبێت کە ڤاکسینیان بوەرنەگرتووە یان پشکنینیان نەکردووە.