تا ئێستا 13 ملیۆن لیتر نەوت لە سلێمانی بەسەر ماڵاندا دابەشکراوە

لڤین:
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام 13 ملیۆن لیتر دابەش کراوە و پرۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
محەمەد حەسیب، لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان ڕایگەیاند “ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەکرێت، نەوتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە کڕیویەتی و بە هەرزانتر دەدرێتەوە هاوڵاتیان، حکومەتی فیدڕاڵی ھیچ بڕە نەوتێکی نەناردووە.”
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی وتیشی ” تا ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە، چونکە ھەر ئەو بڕە بۆ سلێمانی نێردراوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد “پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و ئەمساڵ تەنھا 13 ملیۆن لیتر نەوت بۆ پارێزگاکە نێردراوە، بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست نەوت دابەش بکرێت.”
ڕوونیشیکردەوە، “هەرچەندە سەرجەم ڕێکارەکانی وەرگرتنی نەوتەکەی بەغداد تەواو بووە و ڕێککەوتن هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها بڕێک بۆ پارێزگای دهۆک نێردراوە.”