پێشبینی شەپۆلێکی دیکەی سەرما دەکرێت

لڤین:
پێشبینی دەکرێت درەنگانی شەوی سێشەممە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی سێشەمە، ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت لەگەڵ مانەوەی تەم و مژ تا کاتەکانی پێش نیوەرۆ، لە درەنگانی شەودا بۆ کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای رەش لەسەر ناوچەکە پێشبینی ھاتنی شەپۆلێکی لاواز و کورت خایانی بەفر و بارانبارین دەکرێت.
ئەو کەشناسە دەشڵێت: ئەو شەپۆلە خۆی لە نمە باران بۆ بارانێکی مامناوەندا دەبینێتەوە لەگەڵ دابەزینی ئاستی بەفر بارین بۆ سەنتەری قەزا و ناحیەی ناوچە شاخاوییەکان لە بەرزی ١٠٠٠ بۆ ١١٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریا و رێژەی بەفرەکە لەنێوان ٠.٤ بۆ ٢ سانتیمەتر دەبێت.
ئاراس جەبار دەشڵێت: بەرزترین پلەکانی گەرما لەسبەیدا بەرێژەی ١ تا ٣ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە ئەو شەپۆلەشی ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کاریگەری ماوە کورتە لە پێش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە، کۆتایی پێدێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە.