هێزێکی چەکدار هەڵدەکوتنە سەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە

لڤین:
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ھەڵەبجە، سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر هێنانی هێزێکی چەکدار بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانە بە ئازادی دەسوڕێنەوە.
ستار مەحمود، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی کشتوکاڵی لە گوندی باخەکۆنی سەربە ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پارچە زەوییەک لە نێوان جوتیارانی گوندەکە و خاوەن موڵکێک بەناوی (شازاد کەریم) لەگەڵ ئەوەی لەساڵی 1975 بەشە زەوی جوتیار و خاوەن موڵک جیاکراوەتەوە، بەڵام خاوەن موڵکەکە ئەو بڕیارەی ڕەتکردووەتەوە”.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: لەماوەی ڕابردوودا خاوەن موڵکەکە لەچەندین ڕێگاوە هەوڵیدا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان دابنێت تا ئەوەی برایەکی هاتە ماڵمان بۆ هەمان مەبەست، بەڵام ئەنجامی نەبوو، چونکە داواکارییەکانیان بەدەر لەیاسابوو.
ئاشکراشیکرد دوای بێ ئومێد بوون لەو هەوڵانەیان، لەماوەی ڕابردوودا خاوەن موڵکەکە بە هێزێکی چەکدار و بە جلوبەرگی سەربازییەوە کە ژمارەیان لە 10 کەس زیاتر دەبوو، هێنایەسەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە کە دوو پلەداری سەربازیشیان لەگەڵدا بوو.
لەبارەی هاتنی ئەو هێزە چەکدارە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیەکەیان ئاماژەی بەوەکرد هێزەکە هەڕەشەیان لێکردووە کە دەبێت کێشەکە لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بکەنەوە، بەپێچەوانەوە جوتیارەکان دەکوژن دوای ئەوەش “هەڵیانکوتایەسەر جوتیارەکانی ئەو گوندە و ئازارێکی زۆریان داون، بۆیە ئێمە پەنامان بردەبەر دادگا و سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە ئازادی دەسوڕێنەوە”