لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکەی پارێزگای بابل دەستیپێکرد

لڤین:
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد لە رووداوەکەی باکووری پارێزگای بابل کە بەھۆیەوە 20 کەس کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بابل بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دادگای تێھەڵچوونەوەی پارێزگای بابل، لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەی ناوچەی جەبەلە دەستپێکردووە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، لە کاتی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە ماڵێکدا لە ناوچەی جەبەلەی باکووری پارێزگای بابل، تۆمەتبارەکە تەقەی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد.
دواتر ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دا و لە میانیدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و کەسە داواکراوەکەدا روویدا، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کە بە نادیاری بووە 20 کەس کە ئەندامی یەک خێزان بوون، کوژران کە لە نێویاندا شەش منداڵ ھەیە.
دوێنێش ھەینی ھەر لەسەر کوژرانی 20 کەسەکە لە ناوچەی جبەل، بە بڕیاری عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرماندەی پۆلیسی بابل، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.