هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا لە پلەی یەکەمدایە

لڤین:

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەکەمجار لە ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا، سلێمانی دەگاتە پلەی یەکەم.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک، ئامار و بڕی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگاکە خستەڕوو.

پارێزگاری سلێمانی، نوسیوویەتی: سلێمانی، بۆ یەکەمجار لە ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا؛ دەبێتە یەکەم، لەنێوان ساڵی ۲٠۲٠و سەرەتای ۲٠۲۱دا، بەهەوڵی مکوڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان، پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی تر لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و بەدەستپێشخەریی و بەشداریی کەرتی تایبەتی نیشتمانیی و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە نیشتمانییەکان.

ئاشکراشیکردووە کە “لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا بڕی ملیارێک و چل و حەوت ملیۆن دۆلار لەڕێی سی و چوار پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگاکەدا خراوەتە گەڕ، بەم بڕە بۆ یەکەمجارە لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەگاتە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەم هەوڵانە هەوڵێکی بەرنامەبۆدانراوی شیاوانەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی و سەرمایەگوزاریی و بوژاندنەوەی بازاڕو نەچونەدەرەوەی دراوی قورس و بەکارهێنانی کەرەستەی خۆماڵیی و دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار، کە هەموو ئەمانە بەرهەمی ئارامیی و سەقامگیریی و پلانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانییە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و قۆرخکاریی، دروستکردنی زەمینەیەکی شیاوی شەفاف و دادپەروەرانە لەم بوارە ستراتیژییە هەستیارو بەهادارەدا”.

‏‎لە درێژەی نوسینەکەیدا پارێزگای سلێمانی، پیرۆزبایی لە خەڵک و پارێزگاکە دەکات، کە سلێمانی لە بواری سەرمایەگوزاریی نیشتمانیی و پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا گەیشتووەتە پلەی یەکەم.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button