مەزڵوم عەبدی داوایەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

لڤین:
فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئێوارەی ٢٥ی ئەم مانگەی تورکیا لە کۆبانی بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکاریی تورکیایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە سوریا و تێکدانی سەقامگیریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.
مەزڵوم عەبدی لە تویتێکدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کۆتایی بە سیاسەتی تۆقاندن و هەوڵی دوژمنکارانەی تورکیا دژی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت.
لەو تویتەیدا لە لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێوارەی ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢١ی تورکیا لە کۆبانی کە بەهۆیەوە پێنج شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە دەشڵێت: ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانی نۆ ئەندامی ڕێکخراوێکی گەنجانی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج ئەندامیان، بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد لە سوریا و بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە.
فەرماندەی گشتی هەسەدە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات “سیاسەتی تۆقاندنی تورکیا لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنیی و هەوڵە دوژمنکارانەکانیان بوەستێنێت، کە هەنگاوەکانی بەرقەراربوونی سەقامگیری لاواز دەکات”.