پەروەردەی سلێمانی لە بارەی هێرشی چەکدارەکان لە قوتابخانەکەدا ڕوونکردنەوە دەدات

لڤین:

پەروەردەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕی ناو قوتابخانەیەک لە سلێمانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند “دوێنێ حاڵەتێکی نەخوازراو لە یەکێک لە قوتابخانەکان ڕوویدا، ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی العالمية المتحدة (مدارس العالمية المتحدة)”.

بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە  “کێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە کارگێڕی قوتابخانەکە کەسوکاریان بانگ کردوون، یەکێک لە خوێندکارەکان دایکی لەگەڵیدا ھاتووە و ووتویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستە و ناپەروەردەییانە ڕوویدا”.

باسی لەوەشکردووە  ” ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندنەوە ھیوادارین ھەموو دامودەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی”.

پەروەردە دەشڵێت: لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن ھەر کەسێک ھەر لایەنێک لە چ ئاستێکدا بێت نابێت بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت بکات وە سزای دادپەروەرانە دابنێت بۆ ئەو کەسانەی لەو شێوەیەن.

داوای لە دام ودەزگاکان کردووە هەستن بە کاری خۆیان و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە تا بە سزای خۆیان بگەن.

ئەوەشی راگەیاندووە: دڵنیایی مامۆستایان و کارمەندانی بەڕێز و خوێندکاران دەکەین ئێمە ھەمیشە بەرگریان لێدەکەین وە پشت و پەنایان دەبین وە ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک دەست درێژی لەو جۆرە بکاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button