برای یەکێک لە سزادراوانی بادینان: دەیانەوێت بە سزادانی ڕۆڵەکانمان خەڵکی بادینان بترسێنن

لڤین:

کەسوکاری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە سزادراوەکانی بادینان، ڕایدەگەیەنن، ڕۆڵەکانمان “سیخوڕ”نین بەڵکو دەسەڵاتداران بادینانیان پڕکردووە لە میت و سوپای تورک و خۆیان هەموو شتێکیان پێدەدەن، بەو سزایەش تەنها دەیانەوێت خەڵکی بادینان بترسێنن، دەشڵێن: لە ئێستادا چاوەڕوانین دادگای پێداچوونەوە بڕیاری سەپاندنی شەش ساڵ زیندانییەکە هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر سزاکە هەڵنەوەشێنرێتەوە ئەوا کەیسەکە دەبەینە دادگای فیدراڵیی عێراق.

١٦ی ئەم مانگە، پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دەڤەری بادینان کە بریتیبوون لە هەریەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری و هاریوان عیسا لە لایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانییکردن سزادران.

لە ئێستاشدا کەسوکاری ئەو سزا دراوانە چاوەڕوانی دادگای پێداچوونەوە دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، لەو بارەیەوە ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید کە یەکێکە لە سزادراوان بە ماڵپەڕی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە “ئێمە داواکارین دادگای پێداچوونەوە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە ژێر هەژموونی حزبەوە، ئەمانە بێتاوانن و هیچیان نەکردووە، بۆیە ئەگەر هاتوو ئەم بڕیارە پلەی کۆتایی وەرگرت، ئەوکات کەیسەکە دەگەیەنینە دادگای فیدراڵیی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، تا ئازاد دەکرێن.

دەشڵێت: کۆی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان پرۆسەیەکی نایاسایی و نادیموکراسیی بووە، هەموویان کەسانی مەدەنیی و چالاکی مەدەنیی و ڕۆژنامەنووسن و هیچ تاوانێکیان نەکردووە و هیچ تاوانێکیان لەسەر ساغ نەبووەتەوە.

لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دەستگیرکراوان کراوە کە گوایە کاری “سیخووڕی”یان کردووە، ئەیهان وتوویەتی: ئەوان وڵاتیان نەهێشتووە تا خەڵک سیخووڕیی بۆ بکات، ئەوان بادینانیان پڕکردووە لە میت و سوپای تورک، خۆیان هەموو شتێکیان پێدەدەن، تەنها دەیانەوێت بە سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە خەڵکی بادینان بترسێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button