ئاسایشی گەرمیان: لەمساڵدا، ٢٧٩ تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراوە

لڤین:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان ڕایگەیاند، لەمساڵدا، ٢٧٩ تۆمه‌تبار له دۆسیە جیاجیاكان ده‌ستگیركردووه و ٣٢ لەو تۆمه‌تبارانەش به‌مادده‌ی تیرۆر ده‌ستگیراون و٤٩ تۆمه‌تباری دیكەش به‌تۆمه‌تی ساخته‌كاری دراو ده‌ستگیركراون.
عوسمان عه‌بدولكه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیان،له شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنیدا ئاماری چالاکیەکانى ساڵی ٢٠٢١ ی بڵآوکردەوە و وتى: له‌سه‌ره‌تایی ساڵه‌وه تا ئێستا، ٢٧٩ تۆمه‌تبار به‌تۆمه‌تی جۆراوجۆر، كه خۆی له مادده‌ی هۆشبه‌ر، تیرۆر، ساخته‌كاری دراو، بازرگانیكردن به مرۆڤ، ڕفاندن، كوشتن، دزیكردن و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی بە فەرمانى دادوه‌ری لێكوڵینه‌وه‌ی دادگای گه‌رمیان ده‌ستگیركراون.
ڕاشیگەیاند: ٣٢ كه‌س به تۆمه‌تی مادده‌ی تیرۆر ده‌ستگیركراوه، نۆ لەوانە سزادراون، ١٠ كه‌سیان دۆسێیه‌كه‌یان ڕه‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كراوه، ١٣ كه‌سیشیان ئازادكراوه و ٤٩ کەسیش بەتۆمەمەتى ساختەکردنى دراو دەستگیرکراون و شەش لەوانە سزادراون و ٢١ كه‌سی دیكەیان دۆسیەکەیان له لێكوڵێنه‌وه‌دایه و ١٩ تۆمه‌تباری تریش ڕه‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كراون و سێ لەونەش دۆسیەکەیان داخراوه.
ئاشکراشیکرد: پێنج تۆمه‌تبار به‌تۆمه‌تی ڕفاندن ده‌ستگیركراون و سێ لەوانە سزادراون و یه‌ك دانه‌یان ڕه‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كراوه و یەکێکى دیكه‌یان دۆسیەکەى داخراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ١٩ كه‌س به‌تۆمه‌تی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌پێى مادده‌ی ٢١ ڕاگیراون و یەک تۆمه‌تباریش سزدراوه و ١٥ تۆمەتبارى دیكه‌ش دۆسیەکەیان له لێكوڵینه‌وه‌دایه و دۆسیەى دوو لەوانەش ڕه‌وانه‌ی دادگا كراوه و یەک تۆمەتبارێکیش ئازادكراوه.
عوسمان عه‌بدولكه‌ریم ئاماژەى بەوەدا: ٧٣ تۆمه‌تباریش به مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون، کە ٦١ لەوانە عێراقین و ١٢ لەوانەش هاوڵاتى ئێرانین و ٢٧ تۆمه‌تباریان سزادراون به زیندانی و پێبژاردن، ٢٤ دۆسیەیان له‌ژێر لێكوڵینه‌وه‌دایه و ٢٢ لەوانەش به فه‌رمی یان كه‌فاله‌ت ئازادكراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیانباسی لەوەشکرد: ١٠١ تۆمه‌تباری دیكه، به تۆمه‌تی دزیكرن، كوشتن، خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی ڕاگیراون و نۆ لەوانەش ئازادكراون و ٣٩ دۆسیەیان لەژێر لێكوڵینه‌وه‌دایه و ٤١ دۆسیەى دیكه‌یان ڕه‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كراوه و ١٣کەسیش لەوانە ئازادکراون.