قوباد تاڵەبانی لەدوای وەرگرتنی پۆستە نوێکەی پێشوازی لە دەزگای سەردەم کرد

لڤین:
قوباد تاڵەبانی دوای دەست بەکاربوونی وەکو سەرپەرشتیاری مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، یەکەمین کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا كە ئەمڕۆ ١٩/١٢ لە سلێمانی بەڕێوەچوو و (ئازاد بەرزنجی و هیوا قادر) بەنوێنەرایەتی دەزگاکە ئامادەیبوون، باسی ئەو کێشە و گرفتانەیان کرد کە ڕووبەرووی دەزگاکەیان بونەتەوە.
قوباد تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندن ئەو؛ وەک سەرپەرشتیاری مەكتەبی سکرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، خۆی بەخۆشحاڵ دەزانێ کەیەکەمیین کۆبونەوەی لەم ئەرکە نوێیەدا لەگەڵ ناوەند و دەزگایەکی ڕۆشنبیرییە کەهەمیشە بۆ مام جەلال مایەی بایەخ پێدان بووە.
ھەروەھا ڕوونی کردەوە، میراتی مام جەلال، تەنھا میراتی یەکێتیەکان نییە، بەڵکو میراتی هەمووانە.
دوپاتیکردەوە کە سورە لەسەر سیاسەتی درێژەدان بەڕێبازی مام جەلال، کەتەنها بریتی نیە لە پشتیوانی ماددی و هاوکاری چالاکیی و بەرهەمە رۆشنبیرییەکانی دەزگای سەردەم، بەڵکو پێش ئەوە پاراستنی سەربەخۆیی دەزگاکە و ڕێگەنەدان بۆ ئەوەی ئاڕاستەی رۆشنبیری ئەم دامەزراوەیە بەهەر پاساوێک بێت بشێوێنرێ. بەپێچەوانەوە تەئکیدی کردەوە کەچاوەڕوانی ئەوان لەدەزگای سەردەم تەنها خزمەتکردنی زیاتری بواری رۆشنبیری و بزوتنەوەی نوسین و وەرگێڕانە.
ھەروەھا پێی ڕاگەیاندن، خۆشحاڵ دەبێ وەکو ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەزگاکە بێت، لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی بزاڤی کەلتوری لەسلێمانی و کوردستان.
تاڵەبانی بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلالی بۆ دوبارەکردنەوە و خۆشحاڵی خۆشی بەدیدارەکە دەربڕی.
