یەکێتی و پارتی لە بارەی پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ موچە هاوڕابوون

کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی لە سیمانی کۆتایی پێهات و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە.
نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی راگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی موچە و شایستە داراییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی مانگی 10 تاوتوێکرا، باسیان لە مافەکانی کورد و یەکخستی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەموو روویەکەوە بەتایبەتی لە رووی گوزەران و موچە و شایستە داراییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بە توێژی خوێندکاران و قوتابیانیشەوە.