شەپۆلێکی دیکەی باران و سەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

لڤین:

بەڕێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، هاتنی قۆناغی دووەمی  شەپۆلی بارانبارینی ڕاگەیاند و هۆشداریش دەدات، کە بارانبارینی مامناوەند و لێزمە دەبارێت.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: قۆناغى دووەمى کاریگەرى ئەو شەپۆلەى ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە لە سبەى دووشەممەوە چالاک دەبێتەوە رۆژى دووشەممە لە دواى نیوەڕۆ بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت و بارانى مامناوەند و هەندێ جار لێزمە باران دەبێت، بەرەبەیانى ڕۆژى سێشەممە ئاستى دابارین زیاتر دەبێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە لەگەڵ هاتنى کاریگەرى ئەو شەپۆلە، بارستە هەوایەکى سارد ڕوو لە ناوچەکە دەکات  و بەفریش دەبارێت، پاشان کاریگەرى ئەو بارستە هەوایە ساردە زیاد دەکات و ئاستى بەفربارین زیاتر دەبێت و زۆربەى ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفرى دەبێت و بەفر و بارانبارین ڕۆژى چوارشەممە بەردەوامى دەبێت و هەندێ کات تەم دروست دەبێت و مەوداى بینین کەم دەکاتەوە.

هەر بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، کاریگەرى ئەو شەپۆلە لە ڕۆژى پێنجشەممە کۆتایی دێت، بەڵام نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بەردەوامى دەبێت و ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینى لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە، لە سەنتەرى پارێزگاکانیش لە پلەی سفری سیلیزى نزیک دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button