کاتی شەپۆلێكی دیكەی باران و بەفر هەرێم ڕاگەیەندرا

لڤین:
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی دوو ڕۆژ بوو هەرێمی گرتبووەوە كۆتایی هات و بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان لە ڕۆژی دوو شەممەوە تا كۆتایی هەفتە شەپۆلێكی دیكە هەرێم دەگرێتەوە و بەفر بارینیشی لەگەڵ دەبێت.
بەهۆی هاتنی دوو شەپۆلی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، ماوەی دوو ڕۆژە بارانێكی زۆر باران لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان باریوە و لافاو لە چەند ناوچەیەك دروست بووە و لە هەولێر و چەند شوێنێكی دیكە زیانی گیانی و ماددی لێكەوتۆتەوە.
ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی ڕایگەیاند،” پێشبینی دەكەین دووبارە لە ڕۆژانی دوو شەممەوە شەپۆلێكی دیكەی باران بارین ناوچەكە بگڕێتەوە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواش لە گۆڕانكاریدایە”.
لای خۆشیەوە، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم ڕایگەیاند،” شەپۆلی دووەمی بارانی بەلێزمە لە ڕۆژی دوو شەممەوە ناوچەكە دەگرێتەوە و لەگەڵیشیدا بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت”.
ڕوونیشی كردۆتەوە،” لەم شەپۆلەدا لە باكووری هەولێر 83 ملم و لە باشووری شارەكە 77 ملم و لە ناو هەولێر 60 ملم باران باریوە و بەهۆیەوە لافاو دروست بوو”.
ئاماژەی بەوەشكرد،” ئەم شەپۆلە بە ڕێژەیەكی كەمتر و بە بڕی جیاواز تاوەكو ڕۆژی یەك شەممە بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژی دوو شەممەوە شەپۆلی دووەم لە بارانی بەلێزمە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و تاوەكو پێنج شەممە بەردەوام دەبێت و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت و پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە”.