ئەنجومەنی ئاسایش دەستگیركردنی مەفرەزەیەكی داعشی لە هەولێر ڕاگەیاند

لڤین:

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دژە تیرۆری کوردستان گرووپێکی داعشیان لە هەولێر دەستگیرکردووە کە پلانیان ھەبووە کردەوەی “تیرۆریستی” ئەنجام بدەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ ( شەممە، ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ) بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە، “بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى دژەتیرۆرى کوردستان، گرووپێكی ویلایەتى شیمال بەغدادى سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شارى هەولێر دەستگیر دەکات. ئەم گرووپە پێکهاتبوون لە گرووپێکی ئەمنی و لە ماوەى رابردوودا هەستاون بە دروستکردنى مەفرەزەیەک لە شارى هەولێر و دابینکردنى کەسانى خۆکوژ بۆ ئەم مەفرەزە و توانیویانە سێ خۆکوژ دەستبەر بکەن”.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “لە یەکێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپە یەکێک لە خۆکوژەکانیان بە ناوی (هیدایەت) لە رێککەوتی 19ی تەممووزی 2021 لە رۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان لە ناوچەی مەدینە سەدری شاری بەغدا خۆی تەقاندووەتەوە”.

هەروەها ئاماژە بەوەیش دراوە، “ئەم گرووپە هەستاون بە کڕینی چەک و پێداویستیی سەربازیی و رەوانەکردنیان بۆ بەغدا، هاوکات لە پیلاندا بوون تا لە داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستیی زیاتر ئەنجام بدەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوکراوەیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانرا ئاشکرا بکرێن و ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button