دەزگای لوتکە: لەمساڵدا ٥٣ هەزار عێراقی بوونەتە کۆچبەر

لڤین:
بە پێی نوێترین ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری کۆچبەران، لەمساڵدا ٥٣ هەزار عێراقی بوونەتە کۆچبەر و ٥٣ کەسیش گیانیان لە دەستداوە و ١٩ کەسیش بێسەروشوێنن.
دەزگای لوتکە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:لە جیهاندا ٢٨١ ملیۆن کەس بە کۆچبەر حساب کراون لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە سەرتاسەری جیهاندا و ئەوەش ڕێژەیەکی بەرز و مەترسیدارە و هۆکارەکانیش سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتین.
ئەو دەزگایە ئاماژەی بەوەشکرد: لە شەش ساڵی ڕابردوودا ٧٠٠ هەزار هاوڵاتیی عێراق بوونەتە کۆچبەر، لە نێویاندا ٤٧٧ کەس گیانیان لە دەستداوە و ١٩٠ کەسیش بێسەروشوێنن.
لەبارەی ئامارەکانی ئەمساڵەوە لوتکە دەڵێت: لەمساڵدا ٥٣ هەزار عێراقی بوونەتە کۆچبەر و ٥٣ کەسیش گیانیان لە دەستداوە و ١٩ کەسی تریش بێسەروشوێنن.
داوا دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە نەدات کۆچبەران وەک کارتی سیاسیی نێوان وڵاتان بەکار بهێندرێن و ڕێکخراوەکانیش هەوڵ بدەن کۆچی بەکۆمەڵ نەهێڵن. هەروەک داوا لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەکات بە تەنگ داخوازی و پێداویستیی کۆچبەرانەوە بچن.