پۆلیس: لە سەر ڕووداوەکەی گوندی کێلە سپی چوار کەس دەستگیرکراون

پۆلیسی سلێمانی لەسەر شەڕەکەی دوێنێ ئێوارە کە تیایدا  كەسێك کوژرا 2 كەسی دیكە بریندار بوون چوار تۆمەتباری دەستگیركرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌، لەسەر دۆسیەی كوشتی كەسێك و برینداربوونی دوو كەسی دیكە لە گوندی كێلە سپی، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە و هێزی تایبەتی بارەگا، چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە  “رۆژی 17/12/2021 ، لە گوندی كێلە سپی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەهۆی رووداوێكەوە 3 هاوڵاتی بریندار بوون و یەكێك لەو هاوڵاتیانە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا”.

پۆلیس دەشڵێت “دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، پشكنین و هێڵكاری بۆشوێنی رووداوەكە كرا و بەڕێز دادوەر فەرمانی دۆزینەوە و دەستگیركردنی بۆ چوار تۆمەتبار دەركرد”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان توانرا لەماوەیەكی كەمدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە و بەهاوكاری مەفرەزەكانی هێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتبار دەستگیر بكرێن.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئێستا هەریەكە لە تۆمەتباران به‌ ناوه‌كانی “ج، أ، ر” لەدایكبووی 1990، “أ ، ر ، ح”  لەدایكبووی 1965، “ك ، ه ، ر” لەدایكبووی 1978، “ر ، ر، ح لەدایكبووی 1960، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button