قوباد تاڵەبانی: چاكسازیەكانی حكومەت هەلی لەبارتر بۆ كۆمپانیا بیانیەكان دەرەخسێنێت

لڤین: جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمیش زەمینەیەكی لەبارتر بۆ كۆمپانیا بیانییەكان دەرەخسێنن.

قوباد تاڵەبانی لە بەغدادەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریكرد لە دیداری ئەنجومەنی كاری فەڕەنسی _ عێراقی و ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی چاكسازی گیراونەتەبەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی چاكسازیدا كۆمەڵێك چاكسازی لە یاسا كۆنەكانیدا دەكرێت.

تاڵەبانی دڵنیایی دایە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەڕەنسییەكان كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە و حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی هەولێر دووبارە ببێتەوە.

ئەو باسی لە ستراتیژی حكومەت بۆ جۆراوجۆركردنی ئابوری هەرێم كرد، بە گرنگییەوە ئاماژەی بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی كرد، كە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەڕەنسی دەتوانن بە هاوكاری حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ناوخۆییەكان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button