كازمی: سەرجەم بریندارانی خۆپیشاندانەكان رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكەین

لڤین: سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم بریندارانی خۆپیشاندانەكان بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن و حكومەت سورە لەسەر بەدیهێنانی سەرجەم داواكاری و خواستەكانی خۆپیشاندەران.

نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد سەرۆك وەزیران پێشوازی لە گروپێكی دیكەی بریندارانی خۆپیشاندانەكان كرد كە بەمەبەستی چارەسەركردن لەسەر ئەركی حكومەت رەوانەی دەرەوەی وڵات كرابوون، بریندارەكانیش هەم لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان و حەشدی شەعبی پێكهاتبوون.

مستەفا كازمی رایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا پەیامێك بوو بۆ هەماهەنگی نێوان هەموومان و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بنیادنانی عێراق و پاراستنی سەروەریەكەی، حكومەت پابەندە بە چارەسەركردنی سەرجەم بریندارەكانی دیكە، لەوانەش خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی و تەواوی هێزەكانی دیكە، چونكە ئەوان كوڕی عێراقن و قوربانییان بۆ وڵات و گەلەكەیان داوە.

جارێكی دیكە مستەفا كازمی وتی: قوربانیدانی خۆپیشاندانەكان بێ بەها نابن و سەرجەم ئەوانەی توندوتیژیان ئەنجامداوە دادگایی دەكرێن. حكومەت سورە لەسەر بەدیهێنانی داواكاری و خواستەكانی خۆپیشاندەران.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button